كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عیراق لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجەی 2027 كە بڕیار بوو ئەمڕۆ شەممە بەرێوەبچێت ، بۆ رۆژی 10ی ئەم مانگە دواخرا.
بەپێی وتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار لەئەنجومەنی وەزیران، كۆبوونەوەكە بەهۆی هەندێك كێشەو گرفتی پەیوەست بەبودجەی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ ئەنجام نادرێت و بۆ 10ی ئەم مانگە دوادەخرێت.
پشكی هەرێمی كوردستان لە رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی فیدراڵیی عیراق بۆ ساڵی 2027، بە 12.7% جێگیركراوە و مەرجی تەسلیمكردنی 450 هەزار بەرمیل نەوتی لە رۆژێكدا بۆ هەناردەكردن داناوە، هەروەها، میكانیزمێك بۆ چارەسەركردنی قەرزە كەڵەكەبووەكانی رابردوو لەنێوان هەولێر و بەغداد دانراوە، كە قەرزەكانی 2004-2026 كە بڕەكەی بە 12 ترلیۆن و 775 ملیار دینار خەمڵێندراوە، بڕیارە لە سێ ساڵدا و بەپێی یاساكانی بودجەی ئەو ساڵانە چارەسەر بكرێن.
داتاكان دەریانخستووە كە خەمڵاندنەكانی داهاتی عیراق بۆ ساڵی 2027 نزیكەی 174 ترلیۆن دینار بووە، بە بەراورد بە كۆی خەرجییەكانی 217 ترلیۆن دینار، ئەمەش بودجە دەخاتە بەردەم كورتهێنانێكی پێشبینیكراو كە 43 ترلیۆن دینارە كە حكومەت بەنیازە لەڕێگەی قەرزكردنی ناوخۆیی و دەرەكییەوە بیگرێتەوە.