كۆمپانیای دانەغاز: لەسەرەتای ساڵی 2028 بەرهەمهێنانی غاز لە كێڵگەی چەمچەماڵ دەستپێدەكات
كۆمپانیای دانەغازی ئیماراتی رایدەگەیەنێت، لە سەرەتای ساڵی 2028دا یەكەم قۆناغی بەرهەمهێنانی غاز لە كێڵگەی چەمچەماڵ دەستپێدەكات.
كۆمپانیای دانەغاز ڕاپۆرتی دارایی بۆ نۆ مانگی سەرەتای ئەمساڵ بڵاوكردەوەو تیایدا ئاماژەی بەوەكردووە، لە هەنگاوێكی نوێدا دەستیان بە ناردنی غاز بۆ وێستگەی كارەبای تازە لە كەركووك كردووەو پەرەپێدانی كێڵگەی غازی چەمچەماڵیش بەبڕی 160 ملیۆن دۆلار بەردەوامە، هەروەها بڕیارە پێش كۆتایی ئەمساڵ بیرەكان هەڵبكەنرێنو لەسەرەتای ساڵی 2028دا یەكەم قۆناغی بەرهەمهێنانی غاز لەو كێڵگەیە دەستپێبكات.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەكە، رێژەی قازانجی دانەغاز لە نۆ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا لەسەدا48 بەرزبووەتەوەو گەیشتووەتە 152 ملیۆن دۆلار، هۆكاری سەرەكیی ئەم گەشەكردنەش بۆ زیادبوونی بەرهەمهێنانی كێڵگەی كۆرمۆر لە هەرێمی كوردستان و بەرزبوونەوەی نرخی وزە لە بازاڕەكانی جیهان دەگەڕێتەوە.
هەروەها كۆی داهاتی كۆمپانیاكە لەمساڵدا گەیشتووەتە 377 ملیۆن دۆلار و بە تەواوبوونی پڕۆژەی فراوانكردنی كەی ئێم 250، توانای بەرهەمهێنانی غازی كۆرمۆری بۆ 750 ملیۆن پێ سێجا لە رۆژێكدا زیادیكردووە، بەمەش تێكڕای بەرهەمهێنان لە هەرێمی كوردستان گەیشتووەتە زیاتر لە 42 هەزار بەرمیل هاوتای نەوت لە رۆژێكدا.