شەڕی راگەیاندن و دەنگۆكان لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران گەیشتووەتە لوتكە . لە نوێترین پێشهاتدا، وەزارەتی تەندروستی ئێران ئەو دەنگۆ و هەواڵانەی ڕەتكردەوە كە لە لایەن میدیا ڕۆژئاواییەكانەوە بڵاوكرابوونەوە سەبارەت بە بوونی مەترسی دزەكردنی تیشكی ئەتۆمی.
حسێن كرمانپوور، بەڕێوەبەری پەیوەندییە گشتییەكانی وەزارەتی تەندروستی ئێران، لە ڕێگەی پۆستێكەوە لە پلاتفۆرمی ئێكس بە توندی ئەو ڕاپۆرتەی ڕۆژنامەی زە تایمزی بەریتانی رەتكردەوە،كە بانگەشەی ئەوەی دەكرد تاران دەستی كردووە بە دابەشكردنی حەبی یۆد بەسەر دانیشتوانی ناوچەكانی نزیك لە شوێنە ئەتۆمییەكان.
كرمانپوور لە وەڵامەكەیدا ئاماژەی بەوە كرد ، سیستەمی تەندروستی و فریاگوزاری وڵاتەكەی هەمیشە ئامادەكاری دەكات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سیناریۆ و هەڕەشەی جۆراوجۆر لە لایەن دوژمنێكەوە كە بێبەزەییە، بەڵام بڵاوكردنەوەی ئەم جۆرە هەواڵە پشتڕاستنەكراوانە لەم بارودۆخە هەستیارەدا كارێكی تەواو نابەرپرسیارانەیە و ئامانجی دروستكردنی ترسە لە نێو خەڵكدا ، روونیشیكردەوە راگەیاندنی دۆخی شەڕ یان گرتنەبەری ڕێوشوێنی فریاگوزاری لەو جۆرە، لە چوارچێوەی دەسەڵاتەكانی وەزارەتی تەندروستیدا نییە و تەنها لایەنە باڵا سەربازییەكان بڕیاری لەسەر دەدەن
رۆژنامە بەریتانییەكە لە راپۆرتەكەیدا ، بانگەشەی ئەوەی كردبوو كە حەبی یۆد لەو كۆمەڵگە نیشتەجێبوونانەدا دابەش دەكرێت كە تەنها دوو بۆ سێ كیلۆمەتر لە دامەزراوە ئەتۆمییە هەستیارەكانەوە دوورن ، ئەمەش وەك ئامادەكارییەك بۆ ئەگەری لێدانی ئەو وێستگانە لە لایەن ئەمریكا یان ئیسرائیلەوە.
حەبی یۆد بە شێوەیەكی گشتی بۆ پاراستنی رژێنی غوودەی دەرەقی بەكاردێت لە كاتی بەركەوتنی تیشكی ئەتۆمیدا، بۆیە بڵاوبوونەوەی ئەم دەنگۆیە نیگەرانی زۆری لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دروستكردبوو پێش ئەوەی تاران رەتی بكاتەوە.