دەستەی دەستپاكی: مانگی رابردوو 35 كەسمان بە تۆمەتی بەهەردەردانی سامانی گشتی دەستگیركردووە

عیراق 01:24 PM - 2026/11/01

دەستەی دەستپاكی عیراق ئاماری خۆی لەسەر كۆی ئەو ئۆپراسیۆن و هەڵمەتانە بڵاوكردەوە، كە لە ماوەی مانگی ئۆكتۆبەری رابردوودالە بەغداد و پارێزگاكان بەڕێوەچوون.

بەپێی راگەیەندراوێكی رەسمی دەستەكە ،كۆی گشتی ئەو ئۆپراسیۆنانەی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییەكان و نووسینگەكانی لێكۆڵینەوەوە جێبەجێكراون گەیشتووەتە 220 ئۆپەراسیۆنی گرتن و پشكنین. ئامارەكان نیشانی دەدەن كە لەو ماوەیەدا 35 تۆمەتبار لە كەیسە جیاوازەكانی پەیوەست بە بەرتیل وەرگرتن، سەرپێچی دارایی و بەهەدەردانی ماڵی گشتی دەستگیركراون، كە بەشێكیان لە كاتی ئەنجامدانی تاوانەكەدا دەستگیركراون.

هاوكات بەپێ ئامارەكە، تیمەكانی لێكۆڵینەوە توانیویانە 193ئۆپراسیۆنی جیاواز ئەنجامبدەن و دەست بەسەر سەرجەم بەڵگەنامە، دۆسیە و پەڕاوە سەرەتاییەكانی گەندەڵیدا بگرن.پارێزگای سەڵاحەددین بە تۆماركردنی 36 ئۆپراسیۆن لە پلەی یەكەمی راپۆرتەكەدا هاتووە.

بەدوای ئەویشدا پارێزگای زیقار بە 30 ئۆپراسیۆن لە پلەی دووەم و پارێزگای كەربەلا بە 23 ئۆپراسیۆن لە پلەی سێیەمی لیستەكەدا جێگیر بوون. دەستەی دەستپاكی دووپاتی كردەوە كە سەرجەم دەستگیركراوان و بەڵگەنامە یاساییەكان دەگەیەنرێنە لایەنە دادوەرییە تایبەتمەندەكان بۆ تەواوكردنی ڕێكارە یاساییەكان لە پێناو پاراستنی سەروەری یاسا و رێگریكردن لە گەندەڵی كارگێڕی و دارایی لە دامەزراوەكانی دەوڵەت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو