وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵی عیراق لەم هەفتەیەدا دەست بە ناردنی قۆناغی یەكەمی ئەو 100 ملیۆن لیتر نەوتە سپییە دەكات كە بۆ هەرێمی كوردستان تەرخانكراوە.
ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت كە سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق رەزامەندی لەسەر نووسراوێكی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەربڕی بۆ دابینكردنی سووتەمەنی بۆ هەرێم، و بڕیارە نووسراوەكە بگاتە وەزارەتی نەوت بۆ جێبەجێكردن.
لەو بارەیەوە سروە محەمەد ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاند،ئەو 100 ملیۆن لیتر نەوتە بە دوو قۆناغ دابەشدەكرێت و پڕۆسەكەش بەپێی پشكی پارێزگاكان دەبێت و سەرەتا دەدرێتە هاووڵاتیانی ناوچە شاخاوییەكان كە زیاتر پێویستیان بە گەرمكەرەوە هەیە.
وەزارەتی نەوتی عیراق، یەك لیتر نەوتی سپی بە 150 دینار دەدات بە هاووڵاتیان واتە 200 لیتر دەكاتە 30 هەزار دینار، بەڵام 200 لیتر نەوتی سپی لە هەرێمی كوردستان بە 100 بۆ 105 هەزار دینار دەدرێت بە هاووڵاتیان.