حكومەتی فەرەنسا خۆی بۆ رووبەڕووبوونەوەی شەپۆلێكی نوێی نائارامی و خۆپێشاندانی بەرفراوان ئامادە دەكات و بڕیاری داوە 70 هەزار ئەفسەری پۆلیس لە سەرتاسەری وڵاتدا جێگیر بكات. ئەم ڕێوشوێنە توندە دوای دوو هەفتە لە گرژی و نارەزایەتی دێت كە زیانی گەورەی بە دوكان، باڵەخانە گشتییەكان و ناوەندە بازرگانییەكان گەیاند.
لۆران نونێز وەزیری ناوخۆی فەرەنسا هۆشداری توندی داوە و تەئكیدی كردووەتەوە لەوەی،رێگە بە دووبارەبوونەوەی ئەو دیمەنانە نادەن و هێزەكانیان لە ئامادەباشی تەواودان بۆ پێشكەشكردنی وەڵامێكی توند.
دەسەڵاتداران ترسیان هەیە ئاژاوەگێڕان دەمامكی هاڵۆوین بۆ شاردنەوەی ناسنامەیان بەكاربهێنن، بۆیە پۆلیس رێپێدانی یاسایی پێدراوە بۆ قەدەغەكردنی داپۆشینی دەموچاو. هاوكات، باڵیۆزخانەی ئەمریكا داوای لە گەشتیارانی كردووە لە شوێنی كۆبوونەوەكان بەدوور بن.
بنەمای ئەم ناڕەزایەتییانە لە كۆتایی مانگی ئەیلوولدا لەگەڵ دەستپێكردنی دانوستانەكانی بودجەی ساڵی ٢٠٢٧2027 چڕتر بووەوە، كاتێك حكومەت كەوتە ژێر فشاری كەمكردنەوەی خەرجییەكان بەهۆی گەیشتنی قەرزی گشتی سەدا 120 ی بەرهەمی ئابووری. خۆپێشاندانەكان كە لەلایەن خوێندكارانی توڕە لە دۆخی خوێندنگاكان، سەندیكاكانی كرێكاران و بزووتنەوەی چاكەتی زەردەوە سەركردایەتی دەكرێن، داوای دابەزاندنی تێچووی ژیان دەكەن.
ئەم نائارامییانە كاریگەری خراپیان لەسەر ئابووری فەرەنسا دروستكردووە كە لە چارەكی سێیەمدا پاشەكشەی كردووە، و زیانی بازرگانانی بە زیاتر لە یەك ملیار یۆرۆ خەمڵاندووە. لە رووی سیاسییەوە، ئەم دۆخە پێگەی مارین لۆپێن سەرۆكی راستڕەوی توندڕەوی لە راپرسییەكانی پێش هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی نیسانی داهاتوودا بەهێزتر كردووە.