بەهۆی لافاوەوە حەوت كەس لەسوریا گیانیانلەدەستدا

کوردستان 01:16 PM - 2026/10/31

 بەهۆی ئەو لافاوەی كە لە چەند رۆژی رابردوو لە بەشێك لە شارەكانی سوریا روویدا، حەوت كەس گیانیان لەدەستداوە و چوار كەسیش بێسەوشوێنن .

ڕائید ساڵح وەزیری فریاكەوتن و ئیدارەدانی قەیرانەكانی سوریا سەر پلاتفۆرمی  ئێكس نوسیوێتی، قوربانییەكانی ئەم كارەساتە سروشتییە پێنج منداڵ لەخۆدەگرێت كە بەهۆی خنكان لەو گۆم و بەنداوە ئاوییانەی بەهۆی لافاوەكەوە دروست ببوون گیانیان لەدەستداوە، لەگەڵ پیاوێك كە لە رووداوێكی هاتوچۆی بەهۆی تێكچوونی كەشوهەواوە بووەتە قوربانی.

بەپێی بڵاوكراوەكە، بەهۆی مەترسی ڕووخانیان دوو خوێندنگە چۆڵكراون و 375 خێزانیش لە كەمپەكانی ڕەقە كە مەترسیان لەسەر بووە گوازراونەتەوە، هاوكات تیمەكانی بەرگریی شارستانی 250 خانوو، شوێنی گشتییان پاككردووەتەوە و 150  ئۆتۆمبێلیش لە قوڕ و لیتەی لافاوەكە دەرهێنراون.

ئەو وەزیرە، هۆشداری توندیشی داوەتە هاووڵاتیان كە بە هیچ شێوەیەك سەركێشی نەكەن و لە رێڕەوی لافاو و كۆبوونەوەكانی ئاو نزیك نەبنەوە، چونكە ژیانیان دەكەوێتە مەترسییەوە. ئێستاش ئۆپراسیۆنی چڕی تیمەكانی گەڕان و پشكنین بۆ دۆزینەوەی ئەو چوار كەسەی كە هێشتا چارەنووسیان نادیارە لە ناوچە زیانلێكەوتووەكاندا بەردەوامە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو