پلاتفۆرمی باینانس هاككرا و 6.3 ملیار دۆلاری لێ دزرا

عیراق 03:00 PM - 2026/10/30

پلاتفۆرمی باینانس كە گەورەترین كۆمپانیای ئاڵوگۆڕی دراوە دیجیتاڵییەكانە لە جیهاندا، رووبەڕووی گەورەترین هێرشی ئەلیكترۆنی بووەوە لە مێژووی دراوە دیجیتاڵییەكاندا، كە بەهۆیەوە نزیكەی 6ملیار و 300 ملیۆن  دۆلار بە نایاسایی راكێشرا، بەڵام توانراوە نیوەی ئەو بڕە بلۆك بكرێت.
كۆمپانیای باینانس لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی ئێكس بڵاویكردەوە، لە رێگەی هەماهەنگی لەگەڵ هاوبەشەكانیان لە تۆڕی بلۆكچەین، تا ئێستا توانیویانە نزیكەی سێ ملیار دۆلار لە داراییە بەئامانجكراوەكان لەسەر تۆڕەكە بلۆك بكەن. هاوكات كۆمپانیاكە سەرجەم پرۆسەكانی دانان و ڕاكێشانی پارەی بە شێوەیەكی كاتی راگرتووە تا پشكنینە ئەمنییەكان تەواو دەبن.
بەپێی لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكان، هێرشەكە لە رێگەی هاككردنی لاپتۆپی یەكێك لە ئەندازیارانی كۆمپانیاكەوە ئەنجامدراوە، بەوەش لایەنی هاككەر توانیویەتی دەستی بگاتە خزمەتگوزارییەكانی راكێشانی پارە. 
كۆمپانیاكەش تەئكیدی كردۆتەوە، هیچ دزەپێكردنێك لە كلیلە تایبەتەكانی جزدانە دیجیتاڵییەكان رووینەداوە، هەروەها بەڵێنیدا كە تەواوی زیانە داراییەكانی بەكارهێنەران قەرەبوو بكاتەوە.
دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی ئەم هێرشە ئەلیكترۆنییە، نرخی زۆربەی دراوە دیجیتاڵییەكان دابەزین؛ ئەم هێرشە بە گەورەترین هێرشی ئەلیكترۆنی لە مێژووی دراوی دیجیتاڵیدا دادەنرێت و قەبارەكەی چوار هێندەی ئەو بڕەیە كە لە شوباتی ساڵی رابردوودا لە پلاتفۆرمی بایبیت دزرا، كە یەك ملیار و 500 ملیۆن دۆلار بوو و خرابووە ئەستۆی هاككەرەكانی سەر بە كۆریای باكوور.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو