ئیدارەی ترەمپ رەزامەندی لەسەر فرۆشتنی 500 مووشەكی پاتریۆت بە ئۆكرانیا دەربڕی

عیراق 11:39 AM - 2026/10/31

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا دەڵێت، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ رەزامەندیی لەسەر فرۆشتنی 500 مووشەكی بەرگریی ئاسمانیی پاتریۆت بە ئۆكراینا دەربڕیوە، بەڵام سەرۆكی ئۆكرانیا هۆشداری دەدات لەوەی رەنگە تەسلیمكردنی مووشەكەكان چەندین ساڵ بخایەنێت.

لەراگەیەندراوەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكادا هاتووە: فرۆشتنی ئەم چەكانە توانای ئۆكرانیا بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەكانی ئێستا و داهاتوو لە رێگەی بەهێزكردنی سیستمی بەرگریی ئاسمانی و مووشەكییەوە بەرز دەكاتەوە، هاوكات تەئكید لەوە كراوەتەوە كە ئەم هەنگاوە خزمەت بە ئامانجەكانی سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریكا دەكات، ئەوەش بە پاڵپشتیكردنی وڵاتێكی هاوبەش كە فاكتەری سەقامگیرییە لە ئەوروپا.بەپێی راگەیەندراوەكە، پارەی كڕینی مووشەكەكان لەلایەن هاوپەیمانانی كیێڤەوە دابین دەكرێ.

هاوكات وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ، هیچ وادەیەكی دیاریكراوی بۆ گەیشتنی چەكەكان ئاشكرا نەكردووە. لە بەرامبەردا، ڤۆلۆدیمیر زیلینسكی سەرۆكی ئۆكرانیا لە پۆستێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی ئێكس نیگەرانیی خۆی دەربڕی و نووسی: رەنگە گەیاندنی چەكەكان دوای چەند ساڵێكی تر دەستپێبكات،زیلینسكی داوای لە واشنتۆن كرد چارەسەرێكی كاتی بدۆزێتەوە و پێشنیاری كرد كە ئەمریكا و هاوپەیمانە ئەورووپییەكان ئێستا لە كۆگاكانی خۆیان مووشەكی پاتریۆت بە ئۆكرانیا بدەن، تا دواتر بە جێبەجێكردنی ئەم گرێبەستە نوێیە شوێنەكانیان پڕبكرێتەوە. 

پەسندكردنی ئەم گرێبەستە سەربازییە لە كاتێكدایە، سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی روسیا لە سەردانەكەیدا بۆ واشنتۆن و بەشداریكردنی لە كۆبوونەوەكانی گرووپی 20 لە ئەمریكا، ستایشی لێكتێگەیشتنی ئیدارەی نوێی ئەمریكای لەبارەی قەیرانی ئۆكرانیا كرد،لاڤرۆڤ پێش راگەیەندراوەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا هۆشداریدابوو كە دابینكردنی چەكی پێشكەوتوو و مووشەكی مەودادروور بۆ كیێڤ، كەشوهەوای گفتوگۆ دیپلۆماسییەكان و كۆبوونەوە سێقۆڵییە چاوەڕوانكراوەكەی مانگی داهاتووی ئەبووزەبی تێكدەدات.

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو