گرووپەكانی قاچاخچی مرۆڤ بە بەلەمێكی تایبەت كە بە رەنگەكانی ئاڵای كوردستان نەخشێندراوە كۆچبەران دەگوازنەوە بۆ بەریتانیا. لێپرسراوانی بەریتانیاش دەڵێن قاچاخچییە كوردەكان گاڵتەمان پێدەكەن و پۆلیسی بەلجیكاش تەنیا سەیری رۆیشتنی بەلەمەكان دەكات.
میدیاكانی بەریتانیا ڤیدیۆیەكیان بڵاوكردەوە كە تێیدا زیاتر لە 20 كەس لەناو بەلەمێكدان لە كەناراوەكانی بەلجیكا. بەلەمەكە وەك جاران رەنگی رەش نییە بەڵكو رەنگەكانی سوور و سپی و سەوز و زەردی تێدایە كە هاوشێوەی ئاڵای كوردستانە. بەپێی وتەی شایەتحاڵانو ئەوەی لە گتە ڤیدیۆیەكەدا دەبینرێت، بەلەمەكە پێنج مەتر لە كەناراوەكانەوە دوور بووە و پۆلیسی بەلجیكا هیچ هەنگاوێكی نەناوە بۆ راگرتنی، لە كاتێكدا دەكرا زۆر بە ئاسانی بەلەمەكە كون بكەن و رێگری لە رۆیشتنیان بكەن.
ئەم رووداوە رەخنەی تووندی ئۆپۆزیسیۆنی بەریتانیای لێكەوتەوە، كریس فیلپ، وەزیری ناوخۆی حكومەتی پارتی پارێزگاران دەڵێت، قاچاخچییە كوردەكان بە ئاشكرا بەم بەلەمەیان گاڵتە بە حكومەتی بەریتانیا دەكەن، لە كاتێكدا پارتی دەسەڵاتدار بەڵێنی لەناوبردنی باندەكانی دابوو. فلیپ دەشڵێت، رێككەوتنی گەڕاندنەوەی كۆچبەران لەگەڵ فەرەنسا شكستی هێناوە و تەنیا چارەسەر ئەوەیە بەریتانیا لە رێككەوتننامەی مافەكانی مرۆڤی ئەوروپا بچێتە دەرەوە تا راستەوخۆ دیپۆرتیان بكاتەوە.
دەزگای نیشتمانیی بەرەنگاربوونەوەی تاوان لە بەریتانیا پێشتر لە كۆبوونەوەی لیژنەی كاروباری ناوخۆی پەرلەمان رایگەیاندبوو، كوردی عیراق و هاووڵاتییانی ئەفغانستان بەشێكی بەرچاو لە تۆڕەكانی قاچاخچێتیی كۆچبەران لەو نۆكەندەدا پێكدەهێنن، تەنانەت لە ساڵی 2024دا 18 ئەندامی باندێكی قاچاخچی كە زۆربەیان كورد بوون لە فەرەنسا سزای زیندانیكردنیان بەسەردا سەپێنرا و بە بەرپرسیاری پەڕینەوەی 10 هەزار كۆچبەر دانران، لەوانەش سەرۆكی باندەكە بە ناوی (میرخان رەسوول) كە سزای 15 ساڵ زیندانیی بەسەردا سەپێنرا.
پەڕینەوەی كۆچبەران لە كەنداوی ئیگلیزەوە بۆ بەریتانیا، یەكێكە لە گەورەترین گرفتەكانی ئەو وڵاتە. بەهۆی خراپیی كەشوهەواوە لە 7ی تشرینی یەكەمی ئەم ساڵەوە هیچ بەلەمێك نەگەیشتووەتە بەریتانیا و ئەگەر ئەم بەلەمە نوێیە بگات دەبێتە یەكەمین بەلەم لە دوای ئەو رێكەوتەوە.