عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشداری دەداتە وڵاتانی ئەوروپا و دەڵێت، هیچ هێڵێكی سوور بوونی نەماوە و وەڵامی هێزە چەكدارەكانی ئێران بۆ هەر هێرشێك وێرانكەر دەبێت.
عەباس عراقچی لەلێدوانێكی تونددا لەپلاتفۆرمی ئێكس هۆشدارییەكی توندی ئاراستەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كردو تەئكیدی كردەوە لەوەی، هێزە چەكدارەكانی وڵاتەكەی ئامادەن بۆ وەشاندنی گورزێكی دەنگدانەوە و كوشندە لە هەر لایەنێك كە بوێری ئەوە بكات زیان بە ئاسایش و سەلامەتی گەلی ئێران بگەیەنێت.
عراقچی بەروونی ئاماژەی بەوەكرد،لە هاوكێشە سەربازییەكانی ئێستا هیچ شتێك بەناوی هێڵی سوور بوونی نییەو ئەوە بووەتە بەشێك لەرابردوو.هاوكات عراقچی رەخنەی توندی لە هەڵوێستی راوێژكاری ئەڵمانیا گرت و تێچووی 100 ملیار یۆرۆیی ئەوروپای بە بێبایەخ وەسف كرد لە چاو ئەو زیانە وێرانكەرەی كە هێزەكانی ئێران دەتوانن بە دوژمنانی بگەیەنن. هەروەها، مێرتزی تۆمەتبار كرد بە ستایشكردنی هێرشە ئاسمانییەكانی ئەمریكا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و ئەو ئۆپراسیۆنە سەربازییانەی بەكارە پیسەكانی ئەوروپا ناوبرد كەتەنها بۆ خزمەتكردنی بەرژەوەندییەكانی رۆژئاوا ئەنجام دراون.
ئەم پەیامەی وەزیری دەرەوەی ئێران وەك وەڵامێكی راستەوخۆ بوو بۆ لێدوانەكانی فریدریش مێرتز، ڕاوێژكاری ئەڵمانیا. مێرتز پێشتر ئاماژەی بەوە كردبوو، تێچوونی ئابووریی ئەم ململانێیە لە ماوەی هەشت مانگی رابردوودا زیاتر لە100 ملیار یۆرۆ لەسەر ئەوروپا كەوتووە، ئەمەش بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی وزە و ئەو بارگرانییە داراییە گەورەیەی كە كۆمپانیا و بەكاربەرە ئەوروپییەكان لەئەستۆیان گرتووە. مێرتز تەئكیدی لە پێویستی كۆتاییهێنانی خێرا بەم شەڕە كردبووەوە لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندییە ئابوورییەكانی ئەوروپا.