ئەمریكا گەورەترین دیپۆرتكردنەوەی بەكۆمەڵی ئەفغانییەكان ئەنجامدەدات

عیراق 11:31 AM - 2026/10/31

ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ پلانی داڕشتووە بۆ ئەنجامدانی یەكێك لە گەورەترین ئۆپراسیۆنەكانی دیپۆرتكردنەوەی بەكۆمەڵی كۆچبەرانی ئەفغانی لە ئەمریكاوە بۆ وڵاتەكەیا ن، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی ژمارەیەكی زۆریان بەهۆی ترسی تۆڵەسەندنەوەی تاڵیبان لە ساڵی 2021دا لە كاتی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا رایانكردووە.

بەپێی راپۆرتێكی رۆژنامەی نیویۆرك تایمز و زانیارییەكانی لێپرسراوانی ئەمنیی ئەمریكا، وردەكاریی پلانەكە بەم شێوەیەیە،پێشبینی دەكرێت لە قۆناغی یەكەمدا زیاتر لە 150 كۆچبەری ئەفغانی دیپۆرت بكرێنەوە. دەسەڵاتداران پێشوەختە دەیان كۆچبەری ئەفغانییان لە ویلایەتی لویزیانا دەستبەسەركردووە و چاوەڕوان دەكرێت یەكەم گەشتی ئاسمانیی دەركردنیان لەم نزیكانە دەستپێبكات.

بەهۆی نەبوونی پێوەندیی دیپلۆماسی لە نێوان واشنتۆن و حكومەتی تاڵیبان، ئەمریكا دیپۆرتكردنەوەكان لە ڕێگەی خاكی پاكستانەوە ئەنجام دەدات، كە دواتر پاكستان ڕەوانەی ئەفغانستانیان دەكاتەوە.

شۆن ڤاندێڤێر سەرۆكی ڕێكخراوی ئاڤاكی ئەفغانستان رایگەیاندووە،  بەشێك لەوانەی ڕووبەڕووی دەركردن بوونەتەوە، كچ، كوڕ یان خووشك و برای ئەو كەسانەن كە كاتی خۆی شانبەشانی هێزەكانی ئەمریكا دژی تاڵیبان جەنگاون، و گەڕاندنەوەیان مەترسیی راستەوخۆ لەسەر ژیانیان دروست دەكات. هاوكات داواشی لە كۆنگرێس كردووە یاسایەكی پاراستنی كاتییان بۆ دەربكات.

هاوكات لەگەڵ ئەم ڕێوشوێنانە، وڵاتی پاكستان خۆیشی لە ساڵی 2023ەوە  نزیكەی سێ‌ ملیۆن پەنابەری ئەفغانی دەركردووە و  ئێستاش دەستی كردووە بە هەڵوەشاندنەوەی ڤیزەی پزیشكان و كارمەندانی تەندروستی ئەفغانی بە مەبەستی فشارخستنە سەر حكومەتی كابول.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو