لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق پشتگیری خۆی بۆ بە هەمیشەیكردنی كارمەندانی گرێبەست و دابینكردنی هەلی كاری نوێ بۆ گەنجان دووپاتكردەوە و رایگەیاند، كار دەكەن بۆ زیادكردنی ژمارەی دامەزراندنەكان لە ناو پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2027 دا ئەگەر بارودۆخی دارایی رێگە بدات.
غوفران شەمەری ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمان، لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عیراقی رایگەیاند ،ئەو میكانیزمەی حكومەت بۆ دامەزراندنی گرێبەست و كارمەندانی رۆژانە پەیڕەوی دەكات، هێشتا بە رەسمی و بە وردەكاریی تەواوەوە نەگەیشتووەتە دەست پەرلەمان. ئاماژەی بەوەش كرد ،سەرەتا قسە لەسەر وەرگرتنی 100 هەزار كەس بە گرێبەست دەكرا ، بەڵام عەلی زەیدی سەرۆكوەزیران لە لێدوانەكانیدا ئاماژەی بە 120 هەزار كەس كردووە، بۆیە ناتوانرێت ژمارەی راستەقینە دیاری بكرێت تا خشتەكان نەگەنە پەرلەمان.
شەمەری تەئكیدی كردەوە كە دیدگای سەرەكی لیژنەی دارایی بریتییە لە پاڵپشتیكردنی هاووڵاتیان و دابینكردنی بژێوی بۆ گەنجان، بەتایبەت دەرچووانی دانەمەزرا و خاوەن بڕوانامە باڵاكان و ئەو پسپۆڕییانەی كە دامەزراوەكانی دەوڵەت وەك هێزی مرۆیی پێویستیان پێیەتی. لە كۆتاییدا ئاماژەی بەوە كرد ،لیژنەكەیان هانی پڕۆسەی دامەزراندن دەدات و ئەگەر تەرخانكردنی دارایی لە بودجەی 2027دا رێگەبدات، هەوڵی جددی دەدەن بۆ زیادكردنی پۆستی زیاتر لەوەی كە حكومەت پێشنیاری كردووە.