جەلال شێخ ناجی، سەرۆکی ئاژانسی پاراستن و زانیاری / زانیاری، بەشداری لە کارەکانی خولی ٢٢ هەمین دیالۆکی مەنامە (IISS Manama Dialogue) کرد کە لە شاری مەنامەی پایتەختی بەحرێن بەڕێوەدەچێت .
کۆنگرەکە بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە سەرۆکی دەزگا هەواڵگرییەکان، وەزیرانی بەرگری و دەرەوە ، ڕاوێژکارانی ئاسایشی نەتەوەیی کە زیاتر لە ٥٠ وڵاتی جیهان بەشدارن تێیدا بەڕێوەدەچێت .
لەچوارچێوەی کارەکانیدا تاوتوێی دوایین پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئاسایشی ڕێڕەوە دەریاییەکان، و بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشە سایبەرییەکان دەکرێت.
لە میانی بەشدارییەکەیدا، سەرۆکی ئاژانسی پاراستن و زانیاری / زانیاری لە پەراوێزی کۆنگرەکەدا ، چەندین دیدار و کۆبوونەوەی باڵای لەگەڵ سەرۆک و بەرپرسانی دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکان وڵاتان ئەنجامدا، بە ئامانجی بەهێزکردنی هاریکارییە هەواڵگرییەکان، پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکان، و دۆزینەوەی میکانیزمی هاوبەش بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە ئەمنییەکان و سەقامگیریی ناوچەکە.
جەلال شێخ ناجی لەمیانی کۆنگرەکەدا رایگەیاند بەهێزکردن و بەردەوامی هاریکارییە هەواڵگری و ئەمنییەکان لە نێوان وڵاتاندا فاکتەرێکی بەهێزدەبێت بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵاتان و ناوچەکەش ، بەشێوەیەک ئەم قۆناغەی هاتۆتە پێش پێویستی بە هەماهەنگی بەردەوام هەیە بۆ زاڵبوون بەسەر تەحەددییە ئەمنییەکان و ئاشکراشیکرد دامەزراوە ئەمنی و هەواڵگرییەکانی هەرێم و عیراق لە پەیوەندی بەردەوامدان بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و مەترسییە ئەمنییەکان ، بەرهەمی ئەم هەوڵانەش فاکتەرێکی بەهێزبوون بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵاتەکەمان .
سەرۆکی ئاژانسی پاراستن وزانیاری / زانیاری لە کۆنگرەی مەنامە روونیشیکردەوە دابینکردنی ئارامی و ئاسایش پرۆسەیەکی وردو بەردەوامە ، بێ هاوئاهەنگی هەمەلایەنەی نێودەوڵەتی بەدینایەت بۆیە بەرپرسیارێتی نیشتمانیی و پیشەیی هەمووانە ، کە پابەند بە بەها باڵا و بەرژەوەندییە گشتییەکانمانەوە ، کاربکەین بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجە کە ئەویش پاراستنی ئاسایشی نەتەوەییمانە .