ئەمڕۆ سەبەتەی حەوتەمی بەشە خۆراكی مانگانە دابەشدەكرێت

کوردستان 09:55 AM - 2026/11/01

وەزارەتی بازرگانی عیراق رایگەیاند  لەمڕۆوە، دەست بە دابەشكردنی گوژمی حەوتەمی سەبەتەی خۆراكی مانگانە دەكرێت. ئەم پرۆسەیە هاوڵاتیانی ئاسایی و سوودمەندانی چاودێریی كۆمەڵایەتی دەگرێتەوە، بە مەبەستی كەمكردنەوەی بارگرانی دارایی لەسەر شانی خێزانەكان.

بەپێی راگەیەندراوی لوما موسەوی، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی كەرەستەی خۆراك، پرۆسەی هاوردەكردنی كەرەستە سەرەكییەكان بەردەوامە و هەوڵ دەدرێت لە كاتی دیاریكراوی خۆیدا بگاتە دەستی هاوڵاتییان. ئاماژەی بەوەشكردووە ،لەگەڵ كۆتاییهاتنی ئەم قۆناغە لەم مانگەدا، لە سەرەتای مانگی داهاتوودا گوژمەیەكی تری سەبەتەی خۆراك دابەش دەكرێت و پرۆسەكە بە شێوەیەكی مانگانە بەردەوام دەبێت.

پرۆژەی سەبەتەی خۆراك لە ساڵی 2021وە لەلایەن حكومەتی عیراقەوە وەك جێگرەوەیەك بۆ سیستمی كۆنی بەشەخۆراكی مانگانە (كۆبۆن) راگەیەندرا، بە ئامانجی باشتركردنی جۆری ئەو كەرەستە خۆراكیانەی دەگەنە دەست هاووڵاتییان و كەمكردنەوەی بارگرانی دارایی لەسەر شانی خێزانە كەمدەرامەتەكان.

ئەم سیستمە نوێیە رێگەی دا بە جێگیركردنی دابەشكردنی چەندین ماددەی سەرەكی وەك (برنج، شەكر، ڕۆنی خۆراكی، دۆشاوی تەماتە و پاقلەمەنییەكان) بە كوالێتییەكی بەرزتر، كە بەشێوەیەكی راستەوخۆ لە بازاڕە جیهانییەكانەوە هاوردە دەكرێن و لە ڕێگەی بریكارەكانی خۆراكەوە بەسەر ملیۆنان هاووڵاتی وڵاتەكەدا دابەش دەكرێن.

لەگەڵ بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەژاری و گۆڕانكارییە ئابوورییەكان لە عیراقدا، وەزارەتی بازرگانی لە ساڵی 2023وە بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران، سەبەتەیەكی خۆراكی تایبەت پێشكەش بە سوودمەندانی چاودێریی كۆمەڵایەتی دەكات كە چەند ماددەیەكی خۆراكی زۆرتر و جیاوازتر لە هاووڵاتییانی ئاسایی لەخۆدەگرێت (وەك شیر، ئارد، چا). ئەم هەنگاوە وەك تۆرێكی پاراستنی كۆمەڵایەتی گرنگ دەبینرێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی بەرزبوونەوەی نرخەكان لە بازاڕە ناوخۆییەكاندا و مسۆگەركردنی ئاسایشی خۆراك بۆ ئەو چین و توێژانەی كە لەژێر هێڵی هەژارییەوە دەژین.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو