ئێران هێزی ئاسمانی و دەریایی بەریتانیای خستە لیستی تیرۆرەوە

عیراق 11:14 AM - 2026/11/01

 وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت، لە كاردانەوەی مامەڵەی بەریتانیا لەگەڵ تاران، هێزی ئاسمانی و دەریایی ئەو وڵاتەیان خستووەتە لیستی تیرۆری خۆیانەوە.

رۆژی یەكشەممە، وەزارەتی دەرەوەی ئێران راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە كە تیایدا هاتووە، هێزی دەریایی و ئاسمانیی شاهانەی بەریتانیایان خستووەتە لیستی رێكخراوە تیرۆریستییەكانـەوە؛ هەروەها دەزگای هەواڵگریی ئەو وڵاتەیان، خستووەتە لیستی گرووپە دووژمنكارەكانـیانەوە.

وەزارەتی درەوەی ئێران بڕیارەكەی بۆ كاردانەوە بەرامبەر رێوشوێنەكانی بەریتانیا لە ماوەی ساڵی رابردوودا لەگەڵ تاران دەگەڕێنێتەوە، لەوانە هاوئاهەنگیی سەربازی لەگەڵ ئەمریكا و ئیسرائیل لە جەنگی دژی تاران و بە تیرۆریست ناساندنی سوپای پاسداران.

بەپێی راگەیەندراوەكە، بڕیاری گرتنەبەری رێكاری تووند بەرامبەر بەریتانیا، لەلایەن ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران دراوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەوەشی خستوووەتەڕوو، 'بەرپرسیارێتیی لێكەوتەكانی ئەم بڕیارە، لە ئەستۆی حكومەتی بەریتانیایە'.

13ـی تەممووزی 2026، حكومەتی بەریتانیا رایگەیاند، سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامیی ئێران دەخاتە لیستی تیرۆرەوە؛ ئەم هەنگاوەش گرژییە دیپلۆماسییەكانی نێوان لەندەن و تارانی تووندتر كرد.

ئەوكات وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا رایگەیاند، "هەر جۆرە پاڵپشتییەك بۆ سوپای پاسداران، قەدەغە دەكرێت.
ئەو بڕیارە دوای چەندین ساڵ لە ململانێ و دووبەرەكیی سیاسی لە ناوخۆی بەریتانیا لەسەر ئەم پرسە هات. بڕیارەكە بە واتای قەدەغەكردنی رەسمی سوپای پاسداران دێت و هەر جۆرە هاوكارییەك بۆی، بە تاوان هەژمار دەكرێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو