پڕۆسەی دامەزراندنی 250 كەس لە پارێزگای هەڵەبجە بۆ 32 پسپۆڕیی جیاواز چووە قۆناغی جێبەجێكردنەوە و لە ئەمڕۆوە دەرچووان دەتوانن بە شێوەی ئۆنلاین فۆڕمی داواكاری پێشكەش بكەن.
سەعات 10 ی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، لینكی فۆڕمی دامەزراندنی 250 كەس لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە چالاك كرا. ئەم پڕۆسەیە 32 پسپۆڕیی جیاواز دەگرێتەوە و بۆ ماوەی دوو هەفتە بەردەوام دەبێت، واتا تا كۆتایی دەوامی رەسمی ڕۆژی 24 ی شەشی 2026 لینكی پێشكەشكردن بەردەست دەبێت.
بەپێی رێنماییەكان، یەك جار مافی پڕكردنەوەی فۆڕم هەیە و تەنیا دەتوانرێت بۆ یەك پسپۆڕی داواكاری پێشكەش بكرێت. لیژنەی باڵا هۆشداری دەدات كە هەر كەسێك زیاتر لە یەك فۆڕم رەوانە بكات، راستەوخۆ لە كێبڕكێكە دوور دەخرێتەوە و داواكارییەكەی بۆ هیچ پسپۆڕییەك وەرناگیرێت.
پێویستە پێشكەشكار وێنەی رەسەنی بەڵگەنامەكان هاوپێچ بكات بۆ پشتڕاستكردنەوەی زانیارییەكان، بە پێچەوانەوە خاڵی ئەو بڕگەیە هەژمار ناكرێت. سەرجەم بەڵگەنامەكان دەبێت لە ناو تەنیا یەك فایلی پی دی ئێف كۆبكرێنەوە و قەبارەكەی لە 100 مێگابایت تێپەڕ نەكات. دوای ناردنی فۆڕمەكە، هیچ دەستكارییەك یان زانیارییەكی زیادە وەرناگیرێت.
حەوت مەرجی سەرەكی بۆ پێشكەشكاران دیاری كراوە، گرنگترینیان ئەوەیە كە داواكار نابێت پێشتر لە هیچ فەرمانگەیەكی حكومی دامەزرابێت یان سوودمەند بووبێت.
هەروەها تەمەنی پێشكەشكار نابێت لە 40 ساڵ زیاتر بێت. لە دابەشكردنی جوگرافیشدا، ئەولەویەت دەدرێت بە دانیشتووانی ناوچە دوورەدەستەكان و گوندەكانی سنووری پارێزگای هەڵەبجە.
لەكۆی 250 پلە وەزیفییەكە، 22 پلەیان بۆ بواری سەربازی تەرخانكراوە كە بەپێی پێوەر و مەرجە سەربازییەكان مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت. خوازیاران دەتوانن لە رێگەی ئەو لینكەی بڵاو كراوەتەوە فۆڕمەكە پڕبكەنەوە.