عەلی فالح زەیدی، سەرۆك وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عیراق، لەساڵیادی داگیركردنی موسڵ لەلایەن داعشەوە، پەیامێكی بڵاوكردەوەو ڕایگەیاند حكومەت بەردەوامە لەچەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری و بەهێزكردنی سەروەریی عیراق.
لەڕاگەیەندراوەكەی سەرۆكوەزیرانی عیراقدا هاتووە، 10ی حوزەیران یەكێك لەپڕ ئازارترین وێستگەكانی مێژووی عیراقی نوێ بەبیردێنینەوە، ئەو ڕۆژەی كە تیرۆریستەكانی داعش شاری موسڵی حەدبای خۆشەویستیان داگیركرد، ئەمەش لەچوارچێوەی پیلانێكی تاوانكاریدا كە عیراق و یەكڕیزی گەلەكەی و ئاسایش و سەروەری كردە ئامانج، هەوڵیاندا پێكهاتەی نیشتمانی تێك بدەن و دامەزراوەكانی دەوڵەت لەناو ببەن و پڕۆژەیەكی تاریكی نامۆ بەسەر بەها و مێژووی گەلی عیراقدا بسەپێنن.
زەیدی دەڵێت، ئەو باندانە قێزەونترین تاوانیان دژ بە گەلەكەمان ئەنجامدا، شار و گوندەكانیان تێكدا و خوێنی بێتاوانیان ڕشت و شوێنە پیرۆزەكانیان كردە ئامانج و بووە هۆی شەهیدبوون و برینداربوون و بێسەروشوێن بوونی هەزاران كەس، ئەمەش لە هەوڵێكی شكستخواردوودا بۆ شكاندنی ئیرادەی گەلی عیراق و تێكدانی شوناسی نەتەوەیی یەكگرتوویان، بەڵام عیراق لە مێژووی هاوچەرخی خۆیدا ڕووبەڕووی ترسناكترین ئاستەنگی بووەوە و جارێكی تر سەلماندی كە وڵاتێكە ناتوانرێت بشكێنرێت.
لە بەشێكی تری پەیامەكەیدا زەیدی ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە وەڵامدانەوەی فەتوای جیهادی كیفائی مەرجەعییەتی باڵای ئایینی و لەژێر ئاڵای عیراقدا ڕۆڵەكانی گەلەكەمان بە هەموو پێكهاتەكانیانەوە یەكیان گرت، قارەمانێتی هێزە چەكدارەكان و دەزگا ئەمنییەكان و هێزەكانی حەشدی شەعبی و پێشمەرگە لەگەڵ قوربانیدانی گەلی عیراق و بەپاڵپشتیی برایان و دۆستانمان داستانێكی نەمری نیشتیمانییان تۆماركرد كە بەڕزگاركردنی خاكەكەمان و لەناوچوونی تیرۆر كۆتایی هات.
ئەمڕۆ لەگەڵ یادكردنەوە ئەو قوربانییە مەزنانە، بەڵێن نوێ دەكەینەوە بۆ بەردەوام بوون لەسەر ئەو سەركەوتنەی كە بەخوێنی شەهیدان و قوربانیدانی پاڵەوانەكانمان و توانای پتەوی هێزە چەكدارەكانمان و دەزگا ئەمنییەكانمان نەخشێنرا، سەرۆك وەزیرانی عیراق وا دەڵێت.
عەلی فالح زەیدی دووپاتیكردەوە، حكومەت پابەندە بەچەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری و بەهێزكردنی سەروەری عیراق و پاراستنی بڕیاری نیشتمانی سەربەخۆی و هێڵانەوەی چەك لەدەستی دەوڵەت و درێژەدان بەڕێڕەوی ئاوەدانكردنەوەو چاكسازی و گەشەپێدانی گشتگیر، بەشێوەیەك كە خواستەكانی گەلەكەمان بۆ دەوڵەتێكی بەهێزو بەتواناو دەستەبەركردنی ژیانێكی شكۆمەندانەو دەرفەتی ئومێدبەخش بۆ هەموو هاووڵاتیانی بەدەست بهێنێت.
سەرۆكوەزیرانی عیراق لەكۆتایی پەیامەكەیدا، ستایشی هەڵوێستە نیشتمانییەكانی ئەو هێزە سیاسییانەی كرد كە پاڵپشتی ڕێبازی سەقامگیری و چاكسازی و گەشەپێدان دەكەن، بەشێوەیەك بەشدار بێت لەچەسپاندنی بناغەكانی دەوڵەت و بنیاتنانی ئایندەی عیراق.