دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا گومانی خۆی لەئایندەی سیاسی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل خستووەتەڕوو، لەكاتێكدا راپرسییەك دەریخستووە، زیاتر لە 60%ی ئیسرائیلییەكان دژی كاندیدبوونی ناتانیاهۆن بۆ خولێكی تری سەرۆك وەزیرانی وڵاتەكەیان.
زۆر كەس ناتانیاهۆ بە بەرپرسیاری سەرەكی دەزانن لەشكستەكانی پێش هێرشەكەی حەوتی ئۆكتۆبەری 2023، ئەمە جگە لەوەی تۆمەتباریان كردووە بەگەندەڵی و تێكدانی دامەزراوە دیموكراسیەكان، بەڵام هەندێكی تر ستایشی كارەكانی لەكاتی جەنگ و پەیوەندی بەهێزی لەگەڵ ترەمپ دەكەن.
هەرچەندە تائێستا ناتانیاهۆ، هیچ ئاماژەیەكی نەداوە كە لە هەڵبژاردنی كنێست بكشێتەوە كە بڕیارە لە چەند مانگی داهاتوو ئەنجام بدرێت ،بەڵام دۆناڵد ترەمپ لە میانی چاوپێكەوتنێكدا سەبارەت بە شەڕ لەگەڵ ئێران، بە كەناڵی ئەی بی سی نیوزی راگەیاندووە، ئاگادارنیم لەوەی ناتانیاهۆ دەیەوێت لەپۆستی سەرۆك وەزیرانی بمێنێتەوە یان نا، بەڵام دەزانم ئەو سەرۆك وەزیرانی سەردەمی جەنگە.
بەپێی راپرسییەك كە لەلایەن دامەزراوەی دیموكراسی ئیسرائیلەوە ئەنجامدراوە، دەریخستووە كە 61% ئیسرائیلییەكان و 57% ی جولەكەكان باوەڕیان بەوە نییە كە ناتانیاهۆ خۆی بۆ پۆستی سەرۆكایەتی كاندید بكات. بەپێچەوانەوە 35%ی ئیسرائیلییەكان و 39.5%ی جولەكەكان پێیان وایە كە پێویستە.هەروەها لەڕاپرسییەكەدا دەركەوتووە كە 61% ئیسرائیلییەكان پشتگیری لەدانانی سنوورێكی دوو خول بۆ سەرۆك وەزیرانی داهاتوو دەكەن.