نۆرەگرتن بۆ وەرگرتنی گەنم دەبێتە ئەلیكترۆنی

کوردستان 11:15 AM - 2026/06/10

وەزارەتی بازرگانی هەرێم  پڕۆسەی نۆرەگرتنی بۆ وەرگرتنی گەنمی ئەمساڵ كردە ئەلیكترۆنی، بەڵام  لێپرسراوانی سایلۆكان هۆشداری لە دروستبوونی ئاستەنگ دەدەن بەهۆی نەبوونی شارەزایی تەكنیكی لای بەشێك لە جووتیاران.

وەزارەتی بازرگانی هەرێم  بڕیاریداوە هاوشێوەی بەشێك لە فەرمانگەكانی وەزارەتی ناوخۆ، سیستەمی نۆرەگرتن بۆ وەرگرتنی گەنم بكاتە ئەلیكترۆنی. ئامانج لەم هەنگاوە ڕێگریكردنە لە دروستبوونی قەرەباڵغی لە بەردەم سایلۆكاندا، بە جۆرێك كە جووتیار پێشوەختە لە ڕێگەی ئەپڵیكەیشنێكی تایبەتەوە نۆرەی خۆی دیاری دەكات و پاشان روو لە سایلۆ دەكات.

نەسرین ئەحمەد، بەڕێوەبەری سایلۆی سلێمانی رایگەیاند، ئامادەكاریی تەواو كراوە و لەگەڵ دەستپێكی وەرزی بەبازاڕكردنی گەنم، لینكی ئەپڵیكەیشنەكە بۆ جووتیاران بڵاودەكرێتەوە.

ئاماژەی بەوەش كرد ،وەرگرتنی گەنم تەنیا لە ڕێگەی تۆماری ئەلیكترۆنی دەبێت و هیچ جووتیارێك ناتوانێت بەبێ نۆرەی ئەلیكترۆنی گەنمەكەی تەسلیم  بكات.سەبارەت بە ئەگەری دروستبوونی كێشە، بەڕێوەبەری سایلۆی سلێمانی هۆشداری دا كە جێبەجێكردنی ئەم سیستەمە رووبەڕووی ئاستەنگ دەبێتەوە، چونكە بەشێكی زۆری جووتیاران مۆبایلی زیرەكیان نییە یان ئاستی خوێندەوارییان لەو ئاستەدا نییە كە بتوانن تەكنەلۆژیا بەكاربهێنن.

هەروەها ئەوەشی خستەڕوو كە ژمارەی فەرمانبەرەكانیان ئەوەندە نییە بتوانن لە ناو سایلۆدا یارمەتی جووتیاران بدەن، بۆیە پێویستە پڕۆسەی نۆرەگرتنەكە لە دەرەوەی سایلۆ و پێشوەختە ئەنجام بدرێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو