دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ شا محەمەدی شەشەم پاشای مەغریب دەربڕی ، بۆ ناونانی ئەو ڕێگایەی كە تیزنیت و دەخلا بەیەكەوە دەبەستێتەوە بە ناوی ترەمپەوە.
دۆناڵد ترەمپ لە هەژماری تایبەتی خۆی نووسیویەتی سوپاس بۆ شا محەمەدی شەشەمی مەغریب بۆ ئەم شەرەفە گەورەیە ، ئەوە شەرەفێكی گەورەیە! من بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە چاوەڕێی ئەوەم كە ڕۆژێك بە درێژایی ئەم ڕێگایە گەشت بكەم.
ترەمپ لە خولی یەكەمی خۆیدا ناوچەی سەحارەی مەغریبی ناسی و هەوڵی زۆری دا بۆ ئەوەی ناوچەكە بكەوێتە ژێر دەسەڵاتی مەغریبەوە، ئەمەش وایكرد مەغریب ناوی شەقامەكە بە ناوی ئەوەوە ناونێت وەك پێزانینێك بۆ هەوڵەكانی.
رێگاكە پڕۆژەیەكی ستراتیژییە كە باكوور بە باشوورەوە دەبەستێتەوە و درێژاییەكەی هەزار و 55 كیلۆمەترە، و شارەكانی سنوورەكە بەیەكەوە دەبەستێتەوە ، كۆی تێچووی پڕۆژەكە نزیكەی 880 ملیۆن یۆرۆیە، و ڕێگاكە لە مانگی یەكی ساڵی 2025 كەوتە خزمەتگوزاری تەواوەوە، دوای چەندین ساڵ كاركردن و باشتركردنی.