نەتەوەیەكگرتووەكان: بەهۆی گەرووی هورمزەوە 45 ملیۆن كەس مەترسی قەیرانی خۆراكیان لەسەرە

عیراق 10:02 AM - 2026/11/16

ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان هۆشدارییەكی بەپەلەی لەبارەی سەرهەڵدانی قەیرانێكی گەورەی خۆراك لەسەر ئاستی جیهاندا بڵاوكردەوە، كە مەترسیی ڕاستەوخۆی لەسەر ژیانی نزیكەی 45 ملیۆن كەس هەیە. ئەم هۆشدارییە دوای ئەوە دێت كە بەهۆی گرژی و ئاڵۆزییە ئەمنییەكانی گەرووی هورمزەوە، جووڵەی ئەو كەشتییانەی ماددە خۆراكی و كشتوكاڵییە سەرەكییەكان دەگوازنەوە پەكی كەوتووە و لەو ڕێڕەوە ئاوییەدا گیریان خواردووە.

بەپێی راپۆرت و خەمڵاندنەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان، ئەو بارانەی كە ئێستا لە گەرووی هورمزدا گیریان خواردووە، نوێنەرایەتی نزیكەی یەك لەسەر سێی تێكڕای پێداویستییە خۆراكی و كشتوكاڵییەكانی جیهان دەكەن، بەتایبەت ماددەی پەینی كیمیایی و دانەوێڵە كە بۆ بەرهەمهێنانی خۆراك لە جیهاندا پێویستن. لێپرسراوانی نەتەوە یەكگرتووەكان تەئكیدیان لەوە كردووەتەوە كە بۆ ڕێگریكردن لەم كارەساتە مرۆییە و دوورخستنەوەی مەترسیی برسێتی لەسەر ئەو 45 ملیۆن كەسە، پێویستە بە شێوەیەكی خێرا رێگە بدرێت رۆژانە لانیكەم پێنج كەشتیی بارهەڵگر بە سەلامەتی بە گەرووی هورمزدا تێپەڕن.

تێكچوونی جووڵەی دەریایی لە گەرووی هورمز دوای زنجیرەیەك رووداوی ئەمنی و تەقینەوەی كەشتییەكان دێت لە چەند رۆژی رابردوودا، كە بووەتە هۆی ئەوەی زۆربەی كۆمپانیاكانی گواستنەوەی دەریایی گەشتەكانیان رابگرن یان دوابخەن. پەككەوتنی ئەم ڕێڕەوە ستراتیژییە تەنها كاریگەریی لەسەر بازاڕەكانی نەوت و وزە نەبووە، بەڵكو زنجیرەی دابینكردنی خۆراكی جیهانیشی خستووەتە بەردەم مەترسییەكی جددییەوە، چونكە وڵاتانی كەنداو یەكێكن لە گەورەترین هەناردەكارانی پەینی كشتوكاڵی لە جیهاندا، و دواكەوتنی گەیشتنی ئەم ماددانە دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی بەرهەمی كشتوكاڵی و بەرزبوونەوەی نرخی خۆراك لە وڵاتە هەژار و تازەپێگەیشتووەكاندا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو