كۆمپانیای ئەمازۆن رووبەڕووی گورزێكی كوشندە و پاشەكشەیەكی بەرچاو بووەوە لە پڕۆژە ئاسمانییەكانیدا، دوای ئەوەی لە یەك كاتدا 40مانگی دەستكردی تایبەت بە خزمەتگوزاریی ئینتەرنێتی لەدەستدا.
ئەم رووداوە رۆژی یەكشەممە لە كاتی یەكەمین گەشتی هەڵدانی موشەكێكدا روویدا كە ئەمازۆن گرێبەستی لەگەڵدا كردبوو، ئەمەش كۆسپێكی گەورەی خستە بەردەم هەوڵەكانی جێف بیزۆس دامەزرێنەری ئەمازۆن، لە پێشبڕكێ توندەكەیدا دژی پڕۆژەی ستارلینكی سەر بە كۆمپانیای سپەیس ئێكسی ئیلۆن ماسك.
بەپێی بەیاننامەیەكی كۆمپانیاكە، موشەكی جۆری ڤولكان كە لەلایەن كۆمپانیای یونایتد لاونچ ئەلیانسەوە بەڕێوەدەبرێت، لە بنكەیەك لە ویلایەتی فلۆریدای ئەمریكا بەرەو بۆشایی ئاسمان هەڵدرا. بەڵام تەنها دوای تێپەڕبوونی 10 دەقیقە بەسەر فڕینەكەیدا، موشەكەكە تووشی تێكچوون و كێشەیەكی تەكنیكیی كاركردن بوو.
بەهۆی ئەم گرفتەوە، موشەكەكە نەیتوانی ئەركەكەی تەواو بكات و ئەو بارە گرنگەی كە پێكهاتبوو لە 40مانگی دەستكرد، بگەیەنێتە خولگەی دیاریكراوی خۆی لە بۆشایی ئاسماندا، لە ئەنجامدا هەموو مانگە دەستكردەكان لەناوچوون.
ئەم شكستەی ئەمازۆن لە كاتێكدایە كە تەنها رۆژێك پێشتر، ركابەرە سەرسەختەكەی، كۆمپانیای سپەیس ئێكسی ئیلۆن ماسك، سەركەوتنێكی مێژوویی تۆمار كرد.
سپەیس ئێكس توانی لە كاتی فڕینی تاقیكردنەوەی موشەكی زەبەلاحی ستارشیپ،26 مانگی دەستكردی گەورەی ستارلینك ڕەوانەی خولگە بكات و هاوكات بۆ یەكەمجار كەشتییە ئاسمانییەكە بە سەركەوتوویی بگەڕێنێتەوە سەر زەوی، ئەمەش توانای موشەكە دووبارە بەكارهێنراوەكانی سەلماند.