دەسەڵاتی دادوەری عیراق فەرمانی دەستگیركردنی بۆ تۆمەتبارانی دۆسیەی جورف سەخر دەركرد

عیراق 09:54 AM - 2026/11/16

عەلی زەیدی لەگەڵ فایەق زێدان كۆبووەوە لەبارەی قاجاخچێتی نەوت و هەڕەشەی گرووپە چەكدارەكان لەجورف سەخر و سەروەی یاسا گفتووگۆیانكرد، هاوكات دەسەڵاتی دادوەری عیراق فەرمانی دەستگیركردنی بۆ ئەو كەسانە دەركرد،كە تۆمەتبارن بە قاچاخكردنی نەوت لە جورف سەخر.

نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عیراق دەڵێت، ئێوارەی دوێنێ عەلی فالح زەیدی، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی لەگەڵ فایەق زێدان، سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری كۆبووەتەوەو گفتوگۆیان كردووە لەبارەی رێكارەكانی حكومەت بە ئامانجی چەسپاندنی سەروەریی یاسا، پاراستنی سەرچاوە ئابورییە نیشتمانییەكان و بەرەنگاربوونەوەی قاچاغچێتی.

 هەروەها گرنگیی پشتیوانیی دەسەڵاتی دادوەری بۆ ئەم هەنگاوانە تاوتوێ كرا، لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی یاسا و پیادەكردنی دەسەڵاتە تایبەتەكانی حكومەتی فیدراڵی لە سەرتاسەری عێراقدا.
لەلایەكی ترەوە ئاژانسی هەواڵی سكای نیوز لە زاری چەند سەرچاوەیەكەوە بڵاویكردووەتەوە، دەسەڵاتی دادوەریی عیراق لە كاردانەوەیەكی خێرادا بەرامبەر بە بەڵگە هەواڵگرییەكان كە بە قاچاخبردنی  نەوتیان لە جورف سەخر ئاشكرا كردووە، فەرمانی دەستگیركردنی بۆ سەرجەم ئەو تۆمەتبارانە دەركردووە كە دەستیان لە قاچاخچێتیی نەوتی ناوچەكەدا هەبووە. 

هاوكات رۆژی شەممەی رابردووش عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عیراق نۆ لێپرسراوی كەرتی ئەمنی و وزەی لە كارەكەی دوورخستەوە، ئەوەش دوای لێكۆڵینەوەیەك لەبارەی گومانی قاچاخچێتی نەوت لە ناوچەی جورف سەخری سەر بە پارێزگای بابل  و ڕێنمایی دەركرد بۆ ڕەوانەكردنی سەرجەم ئەو كەسانەی پەیوەندییان پێوە هەیە بۆ دەسەڵاتی دادوەری. ئەو لیژنە پەرلەمانیەشی كە بەدواداچوون بۆ قاچاخچێتی نەوت دەكات رایگەیاندووە،میوانداری وەزیری نەوت و تیمی باڵای وەزارەتیان كردووە ،بۆ ئاشكراكردنی راستییەكان و ئەو رێوشوێنانەی كە وەزارەت گرتوویەتیەبەر سەبارەت بەو ئۆپراسیۆنە قاچاخچیانەی كە لەم دواییانەدا ئاشكرا بوون.

ئەم هەوڵانە دوای ئەوە هات لە چەند رۆژی رابردوودا ، وەزارەتی ناوخۆی عیراق راپۆرتێكی هەواڵگری كە پشتی بە وێنەی مانگە دەستكردەكان لە نێوان ساڵانی 2021 بۆ 2026 بەستبوو بڵاو كردەوە ،لە راپۆرتەكەدا  بە وردی باس لەوە كرابوو كە لە چوار پێگەی جیاوازی ناوچەی جورف سەخر ، لە ڕێگەی كونكردن و شكاندنی بۆرییەكانی نەوت، دروستكردنی پاڵاوگەی نایاسایی و حەشارگەی نهێنییەوە، بە بەردەوامی نەوت دەدزرێت و بە تانكەر بەرەو بەغداد دەگوازرێتەوە.

راپۆرتەكە زیاتر لە 105 تانكەری تۆمار كردووە و ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەم پرۆسەی بەقاچاخبردنە لەژێر پارێزگاریی هێز و گرووپە چەكدارەكانی ناوچەكەدا ئەنجام دەدرێت كە ماوەی چەندین ساڵە كۆنترۆڵی ناوچەكەیان كردووە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو