خەریكە وردە وردە نزیك دەبینەوە لەبیستنی هەواڵە خۆشەكەی مووچە، وەزارەتی دارایی فیدراڵ وردبینی لیستی مووچەی مانگی تەمموزی فەرمانبەرانی هەرێمی تەواوكردو لیستەكەی پەسەندكرد.
بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست گەلی كوردستان گەیشتووە،لیستی مووچەی مانگی حەوتی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، لە وەزارەتی دارایی فیدراڵ دوای وردبینیكردن پەسەندكراوە. پەسەندكردنی لیستەكە لەم كاتەدا هەنگاوێكی گرنگە بۆ ئەوەی دابەشكردنی مووچەی مانگی حەوت لە هەرێمی كوردستان چیتر دوانەكەوێت و پێشبینیش دەكرێت لەچەند رۆژی داهاتوودا بەغداد تەمویلی مووچە رەوانەی هەرێم بكات و ڕێكارەكانی دابەشكردنی مووچەی مانگی حەوت لە هەرێم دەستپێبكەن.هاوكات فالح ساری وەزیری دارایی عیراق لە پەراوێزی كۆبوونەوەی شەوی رابردووی ئەنجومەنی وەزیران،دڵنیای لە ناردنی مووچە داوە و رایگەیاندووە، مووچەی مانگی حەوت بۆ هەرێم دەنێرێت و هیچ كێشەیەكی نییە، راشیگەیاندووە، هەتا هەناردەكردنی نەوتی هەرێم بەردەوام بێت ناردنی مووچە بەردەوام دەبێت.
حكومەتی فیدراڵ لە 20 ی تەمموزەوە دەستی بە دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی خۆی كردووە، بەڵام هێشتا نیوەی وەزارەت و فەرمانگەكانی عیراق مووچەیان وەرنەگرتووە. پێشبینی دەكرێت تا كۆتایی ئەم مانگە دابەشكردنی مووچە لە عیراق كۆتایی بێت و دواتر بەغداد تەمویلی مووچەی هەرێمی كوردستان رەوانە بكات.هەروەها پێدەچێت هاوشێوەی مانگەكانی رابردوو، بەغداد بڕی 120 ملیار دینار وەك مەقاسەی داهاتی نانەوتیی فیدراڵی لە كۆی تەمویلی مووچەی هەرێم ببڕێت.
بۆ مانگی حوزەیران، وەزارەتی دارایی هەرێم بڕی 841 ملیار و 161 ملیۆن دیناری وەك تەمویل پێگەیشت دوای ئەوەی بڕی 120 ملیار دیناری وەك داهاتی نانەوتی لێ دەركرابوو.