عەلی زەیدی بەرەو نیویۆرك بەڕێكەوت

عیراق 10:03 AM - 2026/09/21

عەلی زەیدی، سەرۆكوەزیرانی عیراق بۆ بەشداریكردن لە 81مین دانیشتنی كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان بەرەو نیویۆرك بەڕێكەوت.

بڕیارە لە پەراوێزی دانیشتنەكانی كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان، سەرۆكوەزیرانی عیراق زنجیرەیەك كۆبوونەوە و وتووێژی دووقۆڵی لەگەڵ سەرۆك و سەرۆكوەزیرانی وڵاتانی بەشداربوو ئەنجام دەدات، گفتوگۆكان تایبەت دەبن خستنەڕووی هەڵوێستی  عیراق سەبارەت بە پێشهات و قەیرانە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەكان،باسكردنی ڕێكارەكانی حكومەت بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە ئابووری و گەشەپێدانەكان و خستنەڕووی هەنگاوەكان دەربارەی هەمەچەشنكردنی سەرچاوەكانی داهات و زیادكردنی بەرهەمی نیشتمانی.

چاوەڕوانیش دەكرێت زەیدی لەم سەردانەیدا جارێكی تر كۆبوونەوەیەكی گرنگ لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا ئەنجام بدات و داوای دواخستنی هەر ڕێوشوێنێكی ئەمریكا بكات كە رەنگە سەپاندنی سزای دارایی یان ئابووری بەغداد بكاتە ئامانج، ئەوەش بەهۆی چارەسەرنەكردنی پرسی سنوورداركردنی چەكی گرووپە چەكدارەكان بۆ دەوڵەت دوای ئەو وادەیەی كە بۆ 30ی ئەیلول دیاریكراوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی سەرۆكی ئەمریكا پاڵپشتی لە كابینەكەی زەیدی دەكات و چەندین گرێبەستیش لە بواری وزەدا لە نێوان هەردوو وڵات ئیمزا كراون، پێشبینی دەكرێت ئەم سەردان و دیدارە لە ڕۆژانی داهاتوودا ببێتە هۆی بەهێزكردنی بەهای دینار.

عیراق لە ڕێگەی بەشداریكردنی عەلی زەیدی لە كۆبوونەوەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان، هەوڵ دەدات پێگەی سیاسی و ئابووریی خۆی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دووپات بكاتەوە. ئەم گەشتە تەنیا بۆ بەشداریكردن لە دانیشتنە رەسمیەكەدا نییە، بەڵكو هەڵگری كارنامەیەكی تایبەتە بۆ راكێشانی وەبەرهێنانی بیانی و جێبەجێكردنی پلانی چاكسازییەكان.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو