سەباح نوعمان وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق دەڵێت، حكومەت كار دەكات بۆ چەسپاندنی پێگەی دەستووریی پێشمەرگە وەك بەشێكی دانەبڕاو لە سیستمی بەرگریی وڵات و پڕۆسەی سیاسی.
وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق بە ئاژانسی هەواڵی عیراقی راگەیاندووە: وڵاتەكە ئەمڕۆ لە ڕێگەی كاراكردنی ستراتیژی یەكخستنی ئەمنیی گشتگیر لەناو دەوڵەتدا، سەردەمێكی سەروەری رەها دەستپێدەكات.
دەشڵێت، لیژنەی باڵای ناوەندی كە بەفەرمانی سەرۆك وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان پێكهێنراوە، دەستیكردووە بە دەستبەسەرداگرتنی چەك و كەلوپەل و كۆگا و كەمپەكانی سامەڕا، ئەمەش ئاماژەیە بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەر پەیوەندییەكی سیاسی و یەكخستنی یەكە پاڵپشتییەكان و پێكهاتە خۆبەخشەكان.
بە وتەی سەباح نوعمان، ئەم جوڵە ناوخۆییە هاوكاتە لەگەڵ فەرمانێكی دەرەكی كە ناتوانرێت دوابخرێت، ئەویش كۆتایی هاتنی ئەركی سەربازی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی تا كۆتایی مانگی ئەیلول و گواستنەوە بەرەو هاوبەشی دوولایەنەی دادپەروەرانە كە ڕێز لە سەروەری تەواوی عیراق بگرێت.
سەباح نوعمان ئاماژەی بەوەشكرد، پرۆسەی سنوورداركردنی چەك گەیشتووەتە قۆناغی جێبەجێكردنی پابەندكەری خۆی، بەو پێیەی هیچ بژاردەیەك لە دەرەوەی یاسادا نییە.
سەبارەت بە هێزەكانی پێشمەرگە، سەباح نوعمان رایگەیاند، حكومەت كار دەكات بۆ چەسپاندنی پێگەی دەستووریی پێشمەرگە وەك بەشێكی دانەبڕاو لە سیستمی بەرگریی وڵات و پڕۆسەی سیاسی. هەروەها تەئكیدی لە پابەندیی حكومەت كردەوە بۆ خزمەتكردنی خێزانی شەهیدان و بریندارانی هێزەكانی پێشمەرگە.
لە كۆتایی قسەكانیشیدا سەباح نوعمان رایگەیاند،بڕیارە ئەمنییەكانی عیراق ئێستا یەكگرتوون و تەنها لەدەستی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكاندان و هەرگیز رێگە نادەن خاكەكەیان وەك شوێنی هەڵدانی هێرشەكان بۆ هێرشكردنە سەر دراوسێكانیان بەكاربهێنرێت .