لە دیوانیە ژمارەیەك لێپرسراوی شارەوانی‌و بەڵێندەر بەتۆمەتی گەندەڵی دەستگیركران

عیراق 09:35 AM - 2026/07/25

لە دیوانییە ژمارەیەك لێپرسراوی شارەوانی‌و بەڵێندەر ڕووبەڕووی یاسا كرانەوە و دەست بەسەر كۆمەڵێك مۆر‌و مامەڵەی ڕەسمیدا گیرا كە بۆ مەبەستی گەندەڵی بەكارهێنراون.

ئەحمەد سەقر باشات، سەرۆكی لیژنەی دەستپاكی لە ئەنجوومەنی پارێزگای دیوانییە ڕایگەیاند، ڕۆژی هەینی ئۆپراسیۆنێكی ئەمنیی فراوان لەلایەن دەزگای ئاسایشی نیشتمانی‌و شانەی هەواڵگریی سقور بە هەماهەنگی لەگەڵ دەستەی دەستپاكیی فیدراڵی ئەنجامدرا. لەم ئۆپراسیۆنەدا ژمارەیەك لێپرسراوی فەرمانگەی شارەوانیی دیوانییە‌و چەند بەڵێندەرێك بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیركران.

لە كاتی دەستگیركردنی تۆمەتبارەكانیشدا، هێزە ئەمنییەكان توانیویانە دەست بەسەر كۆمەڵێك مامەڵە و مۆری ڕەسمیدا بگرن، كە گومان دەكرێت موڵكی فەرمانگەی شارەوانیی دیوانییە بن و لەلایەن تۆمەتبارانەوە بۆ بەرژەوەندیی تایبەت بەكارهێنرابن.

سەرۆكی لیژنەی دەستپاكی لە ئەنجومەنی پارێزگای دیوانییە ئاماژەی بەوەشكرد، ئۆپراسیۆنەكە ئامانجی بووە كۆتایی بەو سەرپێچییە كارگێڕی و داراییانە بهێنێت كە لە ناو فەرمانگەی شارەوانیدا هەبوون.

لە ئێستاشدا لێكۆڵینەوە لەگەڵ دەستگیركراوەكان بەردەوامە‌و پاش تەواوبوونی ڕێكارەكان، هەموو دەستگیركراوەكان ڕەوانەی دادگای تایبەتمەند دەكرێن بۆ ئەوەی ڕێكاری یاساییان بەرامبەر بگیرێتەبەر.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو