ناتانیاهۆ بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ ترەمپ سەردانی واشنتۆن دەكات

عیراق 03:35 PM - 2026/07/25

 بڕیارە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل بە سەردانێك بچێتە واشنتۆن‌و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا دۆسیەی جەنگی ئێران و بەدەستهێنانی "گڵۆپی سەوز" بۆ هێرشێكی بەرفراوان، بكاتە تەوەرەی سەرەكی كۆبوونەوەكەیان.

نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، ڕۆژی سێشەممە بنیامین ناتانیاهۆ لە كۆشكی سپی لە واشنتۆن لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا كۆدەبێتەوە. ناتانیاهۆ لە چوارچێوەی سەردانەكەیدا بۆ ئەمریكا، جگە لە دیدارە سیاسییەكان، بەشداری لە ڕێوڕەسمی بەخاكسپاردنی تەرمی سیناتۆر لیندسی گراهام دەكات.

سەرچاوە ئاگادارەكان ئاشكرایان كردووە، تەوەری سەرەكیی كۆبوونەوەی ناتانیاهۆ و ترەمپ تایبەت دەبێت بە داڕشتنی پلانێكی سەربازیی بەرفراوان بۆ سەر ئێران. ئەو هەڵمەتە بە هەماهەنگی و هاوكاریی ڕاستەوخۆی نێوان واشنتۆن و تەلئەبیب دەبێت. پێشتر ترەمپ ڕایگەیاندبوو كە ئێستا پێویست ناكات ئیسرائیل ڕاستەوخۆ بەشداری بكات، بەڵام تەئكیدی كردەوە كە سوپای ئیسرائیل لە هەر كاتێكدا بێت ئامادەیی تەواوی هەیە.

ئەوەش لە كاتێكدایە، ئیسرائیل كاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، هۆشداری توندی ئاراستەی تاران كردووە و ڕایگەیاندووە، ئەگەر ئێران بڕیاری هێرشكردنە سەر ئیسرائیل بدات، سوپاكەیان بە‌هێزێكی كاولكار و یەكلاكەرەوە هێرش دەكاتەسەر ئێران. 

میدیا ئیسرائیلییەكان ئاماژە بەوە دەكەن كە ناتانیاهۆ دەیەوێت لەم دیدارەدا ڕەزامەندیی كۆتایی لە واشنتۆن وەربگرێت بۆ دەستپێكردنی هێرشەكانی بۆ سەر ئێران.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو