عەباس عیراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، بەهیچ شێوەیەك رێگە بە دەستوەردانو خراپ بەكارهێنانی گەرووی هورمز لەلایەن ئەمریكاوە نادەین.
ئێوارەی رۆژی هەینی، عەباس عیراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەراوێزی كۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە رێكخراوی هاریكاری شانگهای كە لە كازاخستان بەڕێوەدەچێت، لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ، هاوتا روسییەكەی كۆبووەوەو تیایدا پرسی جەنگ و گرژییەكانی نێوان تارانو واشنتۆن تاوتوێ كران.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێكی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، عیراقچی لەو دیدارەدا جارێكی دیكە ئەمریكای بە ''بەڵێن شكێنی'و پێشێلكردنی خاڵەكانی یاداشتنامەی لێكتێگەیشتنی ئیسلام ئاباد تۆمەتبار كردووەو وتوویەتی، نائارامی لە گەرووی هورمزو ناوچەكە لێكەوتەی راستەوخۆی پابەندنەبوونی واشنتۆنە بە بەڵێنەكانی.
راشیگەیاندووە، هەر بەو شێوەیەی لە گۆڕەپانی دیپلۆماسیدا جددین، پێداگرن لەسەر بەرگریكردن لە بەرژەوەندییە نیشتمانییەكانیانو بە هیچ شێوەیەك رێگە بە دەستوەردان و خراپ بەكارهێنانی گەرووی هورمز لەلایەن ئەمریكاوە نادەن.
لای خۆشیەوە سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕوسیا ئیدانەی هێرشەكانی ئەمریكا و ئیسرائیلی بۆ سەر ئێران كردووە و ئامادەیی هاوكاریی وڵاتەكەی بۆ دروستكردنی ''میكانیزمێكی ئەمنی''ـی پشتبەستوو بە وڵاتانی ناوچەكە، بۆ هێوركردنەوەی گرژییەكان دەربڕیووە.