بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلار لە بەرزبوونەوەدایە و تمەنی ئێرانیش بەهۆی دۆخی جەنگەوە بەهاكەی لەدەستدەدات، شارەزایانی بازاڕیش پێشبینی گۆڕانكاریی زیاتر دەكەن.
لە هەفتەی ڕابردوودا بەهای دینار بەرامبەر دۆلار بەرزبوونەوەی بەرچاوی تۆماركرد. لە سەرەتای هەفتەدا بەهای 100 دۆلار بە 153,500 دینار بوو، بەڵام لە ڕۆژی سێشەممە 21-07-2026 گەیشتە 149,500 دینار و لە هەندێك شاری وەك بەغداد و بەسرە دابەزی بۆ 149,000 دینار. ئێستا بەهاكەی لە نێوان 150,000 بۆ 151,000 دینار جێگیر بووە. بە تێكڕا لە سەرەتای ئەم مانگەوە، دینار بۆ هەر 100 دۆلارێك 4,000 دینار بەرزبووەتەوە.
سەردانەكەی عەلی زەیدی بۆ واشنتۆن و ئیمزكردنی ژمارەیەك گرێبەستی ئابووری، لەگەڵ لابردنی سزا لەسەر 7 بانكی عیراقی، كاریگەری ئەرێنییان لەسەر بەهای دینار هەبووە. شارەزایان پێیان وایە ئەگەر بانكی ناوەندی دۆلاری زیاتر بخاتە بازاڕەوە، بەهای دینار زیاتر بەرز دەبێتەوە.
پێچەوانەی دینار، تمەنی ئێرانی بەهۆی بەردەوامیی گرژییەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران دابەزینی گەورەی تۆماركردووە. تەنها لەماوەی یەك هەفتەدا، بەهای 100 دۆلار لە 17 ملیۆنو 500 هەزار تمەنەوە گەیشتۆتە 19 ملیۆنو 400 هەزار تمەن، ئەوە لە كاتێكدایە لە كاتی لێكتێگەیشتنەكانی پێشوودا بەهای تمەن بەرزبووەو نرخی گۆڕینەوەی 100 دۆلار نزیكبوەوە لە یانزە ملیۆن تمەن، بەڵام دەستپێكردنەوەی جەنگ نرخەكەی دوو هێندە دابەزاندووە.