لە فڕۆكەخانەی هەولێر 14 گەشت هەڵوەشاونەتەوە

کوردستان 01:59 PM - 2026/07/25

 بەهۆكاری مەترسییە ئەمنییەكانەوە لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر 14 گەشت و لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی جەلال تاڵەبانیش دوو گەشت هەڵوەشاونەتەوە.

بەگوێرەی خشتەی گەشتەكان، ڕۆژی شەممە 25ـی تەمووز، 14 گەشت لەكۆی 26 گەشت لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر هەڵوەشاونەتەوە. گەشتەكانیش زۆرینەیان گەشتی ئیستانبوڵ- هەولێر و ئەوانی تر دوبەی -هەولێر، دەوحە- هەولێر، عەممان- هەولێر، ئەنتاڵیا –هەولێرە.

هەروەها گەشتی شاریقە- هەولێر دواخراوە و كاتەكەی یەكلانەكراوەتەوە بۆ چ كاتێك دواخراوە، بەڵام تاوەكو ئێستا پێنج گەشت لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر ئەنجامدراوە.

هاوكات، لە فڕۆكەخانەی جەلال تاڵەبانی بەگوێرەی خشتەی گەشتەكانی ڕۆژی شەممە 25ـی تەمموز، گەشتێك ئیستانبوڵ و گەشـتێكی ئوردن هەڵوەشاونەتەوە، بەڵام گەشتەكانی تر ئەنجامدراون و بۆ بەغدادیش لەكاتی دیاریكراودا گەشتەكە ئەنجام دەدرێت كە كۆی گەشتەكان پێنج گەشت خراوەتەڕوو.

ئەمە لەكاتێكدایە، كۆمپانیای توركش ئێرلاین، گەشتەكانی هاتن و رۆشتنی بۆ فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر تا كۆتایی مانگی تەمووز هەڵوەشاندووەتەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو