قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران پێشوازیکرد لە فەرامەرز ئەسەدی، کونسوڵی گشتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەولێر و لەبارەی چەند پرسێکی جێی بایەخی هەردوولا ئاڵوگۆڕی بێروڕایان کرد.
لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی چوارشەمە(10/6/2026) بەڕێوەچوو، باس لە دواین پێشهاتەکانی ناوچەکە کرا. لەمبارەیەوە جێگری سەرۆکوەزیران هیوای خواست دانووستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران بە دەرەنجامێکی دڵخواز بۆ هەموو لایەک بگات و ئاشتی و سەقامگیری هەمیشەیی لێ بکەوێتەوە.
سەبارەت بە دۆخی عێراق و پێکهاتنی حکومەتی نوێی عێراق، قوباد تاڵەبانی گەشبینی خۆی دەربڕی بەوەی دەرفەتێکی باش هاتووەتە ئاراوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا و جەختیکردەوە لەوەی پێویستە لەم قۆناغەدا هەرێم و بەغدا پێکەوە هاوکار و هەماهەنگ بن و کاربکەن بۆ گەشەپێدانی ئابووری و باشترکردنی دۆخی خزمەتگوزاری و ژیان و گوزەرانی هاوڵاتییان.
لە تەوەرێکی دیکەدا باس لە دۆخی سیاسی ناوخۆی هەرێمی کوردستان کرا. لەمبارەیەشەوە جێگری سەرۆکوەزیران جەختیکردەوە لەسەر زیاترکردنی هەوڵەکان بۆ کۆتاییهێنان بەو چەقبەستووییەی ئێستا هەیە و بە پێویستی زانی دانووستانەکانی نێوان لایەنەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتێک لەسەر بنەمای هاوبەشیی راستەقینە دەست پێ بکاتەوە.