هێشتا پارە سڕكراوەكان نەگەڕێنراونەتەوە؛ لە ئێران مشتومڕی لەسەر دروستبووە لە كاتێكدا ئێران لەژێر قورسترین گەمارۆی ئابووریدایە، سەرۆكی بانكی ناوەندی ئەو وڵاتە مەرج بۆ گەڕانەوەی ملیارەها دۆلاری سڕكراو دیاری دەكات، هۆشداریش لە داڕمانی كەرتی خزمەتگوزارییەكان دەدات.
عەبدولناسر هیممەتی، سەرۆكی بانكی ناوەندیی ئێران ڕایگەیاند، ئەو پارانەی لە دەرەوەی وڵات سڕكراون موڵكی بانكی ناوەندین.
بەوتەی هیممەتی ئەو پارەیە بۆ نەوتی فرۆشراو دەگەڕێتەوە لەلایەن حكومەتەوە، بەڵام بەهۆی گەمارۆكانەوە پارەكە نەگەڕێنراوەتەوە و حكومەتیش بە ناچاری قەرزی لە بانكی ناوەندیی كردووە.
سەرۆكی بانكی ناوەندیی ئێران دووپاتی كردەوە، لە ئەگەری ئازادكردنی 22 ملیار دۆلارە سڕكراوەكە، دەبێت ئەو بڕە پارەیە ڕاستەوخۆ بۆ خەزێنەی بانكی ناوەندی بگەڕێتەوە نەك حكومەت.
سەبارەت بە دۆخی دارایی ئێران، سەرۆكی بانكی ناوەندی ئاماژەی بەوە كرد، ئابووریی وڵاتەكە تەنانەت پێش دەستپێكی جەنگیش ڕووبەڕووی ئاستەنگی گەورە بووەتەوە، بەڵام ئێستا فشارە داراییەكان بۆ دابینكردنی مووچە و خەرجییە سەرەتاییەكان گەیشتوونەتە لووتكە.
ئاماژەی بەوەش كرد بانكی ناوەندی بە ناچاری هاوكاری حكومەت دەكات بۆ ئەوەی ڕێگری لە داڕمانی تەواوەتیی كەرتی خزمەتگوزارییەكان بكات، هەرچەندە هەوڵی پاراستنی سەربەخۆیی خۆشیان دەدەن.
ئەم لێدوانەی سەرۆكی بانكی ناوەندیی ئێران لەكاتێكدایە، ئێران لەژێر گەمارۆیەكی قورسی دەریایی و ئابووریی ئەمریكادایە. بەرپرسانی تاران لە هەوڵی بەردەوامدان لە ڕێگەی دانوستانەكانەوە دەستیان بەو پارانە بگات كە لە بانكەكانی جیهاندا سڕكراون.
بەپێی ڕاپۆرتەكانی ئاژانسی ڕۆیتەرز و ڕۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمز، كۆی پارە سڕكراوەكانی ئێران لە نێوان 100 بۆ 120 ملیار دۆلاردایە.