عەلی فالح زەیدی سەرۆكوەزیرانی عیراق لە درێژەی گەشتە دیبلۆماسییەكانیدا بەرەو ئەنكەرە و ڕیاز بەڕێدەكەوێت، بە مەبەستی ئیمزاكردنی زنجیرەیەك ڕێككەوتنامە لە بوارەكانی ئابووری، وزە و پەیوەندییە دووقۆڵییەكاندا.
ڕۆژی سێشەممە 28ی ئەم مانگە،عەلی زەیدی سەرۆكوەزیرانی عیراق بە هاوەڵی وەفدێكی حكومی دەگاتە توركیا. بەپێی زانیارییەكانی سەرچاوەیەك لە ئەنجوومەنی وەزیران، لەم سەردانەدا زەیدی لەگەڵ لێپرسراوانی باڵای ئەو وڵاتە گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەكان دەكات، بەتایبەت لە بوارەكانی ئابووری، بازرگانی، نەوت، وزە و پرسی ئاو.
بڕیاریشە دوای كۆتاییهاتنی گەشتەكەی بۆ توركیا، سەرۆكوەزیرانی عیراق ڕۆژی پێنجشەممە روو لە سعودیە بكات. لەوێ لەگەڵ شازادەی جێنشین و لێپرسراوانی باڵای ئەو وڵاتە كۆببێتەوە. تەوەری سەرەكیی گفتوگۆكانیش بریتی دەبێت لە پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان بەغداد و ریاز لە ئاستە جیاوازەكاندا.
هاوكات بڕیارە،لە هەردوو وڵاتی توركیا و سعودیە، عەلی زەیدی ژمارەیەك ڕێككەوتنامە و یاداشتنامەی لێكتێگەیشتن لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان ئیمزا بكات. ئەم هەنگاوە وەك هەوڵێك بۆ بەهێزكردنی پێگەی ئابووری و سیاسیی عیراق لە ناوچەكەدا دەبینرێت.
ئەم سەردانانە لەكاتێكدایە كە سەرۆكوەزیران لەم مانگەدا چەند گەشتێكی گرنگی ئەنجامداوە؛ لە 13ـی ئەم مانگە سەردانی ئەمریكای كرد و 48 رێككەوتننامە و لێكتێگەیشتنی ئیمزاكرد. هەروەها لە 23ـی مانگ سەردانی ئێرانی كرد و تێیدا ڕێككەوتنامەیەك و 3 یاداشتنامەی ئیمزاكرد.