حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕێكارە كردارییەكانی بۆ هاوتاكردنی مووچە و ئیمتیازاتی زیندانیانی سیاسی و ڕاگیراوان لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ دەستپێكرد و بڕیارە لە ئایندەیەكی نزیكدا وەفدی باڵای هەرێم بۆ ئەم مەبەستە و دابینكردنی شایستە داراییەكان سەردانی بەغداد بكات.
بەپێی ڕاگەیەندراوێكی وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە مەبەستی تاوتوێكردنی ڕێكارەكانی هاوتاكردنی موچەی زیندانیانی سیاسی و ڕاگیراوانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ، كۆبوونەوەیەكی باڵا لە دیوانی وەزارەتی دارایی و ئابووری بەڕێوەچوو.
ئامانجی كۆبوونەوەكە تیشكخستنە سەر جێبەجێكردنی بڕیاری مانگی ئاداری ئەمساڵی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بو بۆ هاوتاكردنی مووچە و ئیمتیازات و شایستە داراییەكانی زیندانیانی سیاسی هەرێم لەگەڵ هاوتاكانیان لە عیراق.
بەپێی ڕاگەیەندراوەكە، ئەم هەنگاوە دوای زنجیرەیەك لێكتێگەیشتنی هاوبەشی نێوان وەزارەتی شەهیدان و دەزگای زیندانییانی سیاسی عیراق دێت. لە كۆتایی كۆبوونەوەكەدا بڕیاردرا لە ئایندەیەكی نزیكدا وەفدێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغداد بكات، تاوەكو ڕێكارە كۆتاییەكان بۆ دابینكردنی شایستە داراییەكان و هاوتاكردنی ئیمتیازاتەكان لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ تەواو بكەن.