لە دوو رۆژدا سەرجەم حاجیانی كوردستان دەگەڕێنەوە

کوردستان 10:43 AM - 2026/06/09

 بڕیاردرا لە ماوەی دوو رۆژدا سەرجەم حاجیانی هەرێمی كوردستان لە وڵاتی سعودیەوە بگەڕێندرێنەوە و ئەمڕۆش دوو گەشتی گەڕانەوەی حاجیان لە شاری مەدینەوە بۆ شاری سلێمانی رێكدەخرێت.

كاروان ستونی، وتەبێژی حەج و عومرەی كوردستان رایگەیاند، دوای بڕیاری دەسەڵاتی فڕۆكەوانی مەدەنی عیراق بۆ كردنەوەی ئاسمانی وڵات بە ڕووی گەشتەكاندا، بڕیاردراوە گەشتە ئاسمانییەكان ئاسایی ببنەوە و سەرجەم حاجیانی كوردستان لە دوو رۆژدا بەڕێگەی ئاسمانی بگەڕێنەوە هەرێم.

لەو چوارچێوەیەدا، بەشی پەیوەندییە گشتییەكان و راگەیاندنی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی جەلال تاڵەبانی لە سلێمانی ئاشكرایكرد، گەشتەكانی گەڕانەوە بەپێی خشتەی هێڵی ئاسمانی عیراقی بەردەوام دەبن و ئەمڕۆ سێشەممە دوو گەشتی راستەوخۆ لە مەدینەوە بۆ سلێمانی بۆ گواستنەوەی حاجیان ئەنجام دەدرێن.

دوای هێرشەكانی ئێران و ئیسرائیل بۆ سەر یەكتری لە شەوی یەكشەممە، هێڵی فڕۆكەوانی ئاسمانی عیراق بڕیاریدا بۆ ماوەی 72 سەعات ئاسمانی وڵاتەكە بەڕووی گەشتەكاندا دابخات و بەڵام تەنها دوای چەند سەعاتێك و دوای ئاساییبوونەوەی دۆخەكە گەشتەكان دەستیان پێكردووە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو