قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیران پێشوازیکرد لە ئالیسیا ڕیکۆ پێرێز، باڵیۆزی ئیسپانیا لە عیراق و پێکەوە لەبارەی چەند پرسێکی جێی بایەخی هەردوولا گفتوگۆیان کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی سێ شەمە(9/6/2026) بەڕێوەچوو باس لە پێویستیی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کورستان و وڵاتی ئیسپانیا کرا. هەردوولا هاوڕابوون کە دەرفەتی گونجاو هەیە بۆ ئەوەی بە تایبەت لە بوارەکانی کشتوکاڵ و گەشتوگوزار و کلتووریدا ئاستی پەیوەندییەکان پتەوتر بکرێت.
لە تەوەرێکی دیکەدا گفتوگۆکرا لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغداد. لەمبارەیەوە هەردوولا هاوڕابوون حکومەتی نوێی عیراق دەبێت گرنگی بە گەشەپێدانی ئابووری بدات و لەم چوارچێوەیەشدا هەردوو حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێم دەبێت پێکەوە هەماهەنگ و هاوکاربن، بە جۆرێک هاوکات لەگەڵ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان پێکەوە کار بکەن بۆ گەشەپێدانی ئابووری و باشترکردنی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتییان.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا ئاڵوگۆڕی بیروڕا کرا سەبارەت بە دواین پێشهاتەکانی ناوچەکە. لەمبارەیەشەوە هەردوولا هاوڕابوون وڵاتانی ناوچەکە و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەبێت هاوکاربن بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ و ئاڵۆزییەکان و گەیشتن بە رێککەوتنێک کە ئاشتی و سەقامگیری لێ بکەوێتەوە.