پسپۆڕێك مەرجی كۆمپانیا نەوتییەكانی هەرێم بۆ دەستكردنەوە بە بەرهەمهێنان ئاشكرا دەكات

کوردستان 03:12 PM - 2026/06/10

نەبیل مەرسومی، پسپۆڕی ئابووری عیراقی لە نووسینێكدا كە لە فەیسبووكی خۆی بڵاویكردووەتەوە، مەرجەكانی كۆمپانیا بیانییەكان بۆ دەستپێكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی كوردستان ئاشكرادەكات.

بە وتەی ئەو پسپۆڕە ئابوورییە، مەرجی یەكەمی كۆمپانیاكان ئەوەیە، پاراستنی كێڵگەو بیرە نەوتییەكان لەهێرشی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و مووشەك، بۆ دەستەبەركردنی سەلامەتی دامەزراوەكان و ستافە تەكنیكیی و ئەندازیارە بیانییەكان.

مەرجی دووەمیش بەوتەی نەبیل مەرسومی، دانانی میكانیزمێكی ڕوونە كە گرەنتی پێدانی شایستە داراییەكان بكات بەشێوەیەكی ڕێكوپێك و بەردەوام لەكاتی دەستپێكردنەوەی هەناردەكردن، بەجۆرێك كە لەگەڵ هەمواركردنەوەی یاسای بودجەی فیدراڵیدا بگونجێت.

سێیەم مەرجیش كە ئەو پسپۆڕە ئاماژەی پێداوە، پابەندبوونە بە پێدانی قەرزەكان و شایستە داراییە كەڵەكەبووەكانی ڕابردووی ئەو كۆمپانیایانە، لەسەرووی هەمووشیانەوە شایستەكانی كۆمپانیای نەوتی دی ئێن ئۆی نەرویجی، كە پێشتر ڕایگەیاندبوو بەرهەمهێنان و هەناردەكردنی نەوت لەڕێگەی بۆرییەكانی هەرێمی كوردستان ڕادەگرێت، تائەو كاتەی كێشەی شایستە داراییە دواكەوتووەكانیان چارەسەر دەكرێت، كە بە نزیكەیی یەك ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو