بەپێی نوێترین ئامارەكانی سەرژمێری و وەبەرهێنان، هەرێمی كوردستان خاوەنی زیاتر لە دوو ملیۆن یەكەی نیشتەجێبوونە، بەڵام بەهۆی زۆریی پڕۆژەكانەوە زیاتر لە 400 هەزار یەكەی بەتاڵ هەن و زۆربەی پڕۆژە نوێیەكانیش لە شووقە پێكهاتوون.
ئامانج جەلال، بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی سلێمانی رایگەیاند، ئێستا80%ی یەكەكانی نیشتەجێبوون لە هەرێمی كوردستان لە شووقە پێكهاتوون و تەنیا 20%یان خانوو و ڤێلان. ئاماژەی بەوەش كرد ،لە ڕووی سوودوەرگرتن لە زەوی، لە یەك دۆنمدا دەتوانرێت 190 بۆ 200 شووقە دروست بكرێت، لە كاتێكدا هەمان ڕووبەر تەنیا جێگەی 15 بۆ 20 خانوو دەبێتەوە. ئەم سیاسەتە بە ئامانجی پاراستنی زەوی و كەمكردنەوەی بەكارهێنانی رووبەرەكان پەیڕەو دەكرێت.
خواستی هاووڵاتیان بۆ نیشتەجێبوون لە ناوچەیەكەوە بۆ ناوچەیەكی تر دەگۆڕێت،لە پارێزگاكانی هەولێر، سلێمانی و دهۆك خواست لەسەر كڕینی شووقە زیاترە، بەڵام لە گەرمیان، راپەڕین، سۆران و كەركوك كڕینی شووقە سنووردارە. نرخەكانیش جیاوازن، بە جۆرێك تێكڕای نرخی یەك مەتر لەنێوان 400 بۆ 800 دۆلاردایە و لە هەندێك دەگاتە هەزار دۆلار، هەروەها نرخی ڤێلاكان لەنێوان 250 هەزار دۆلار بۆ یەك ملیۆن دۆلار دایە.
لە ماوەی 19 ساڵی ڕابردوودا لە 2006 تا تەمموزی 2025، 366 پڕۆژەی نیشتەجێبوون بە سەرمایەی 33 ملیار و 488 ملیۆن دۆلار مۆڵەتی وەبەرهێنانیان وەرگرتووە. تەنیا لە نێوان ساڵانی 2019 بۆ 2024، نزیكەی 60 پڕۆژەی نوێی نیشتەجێبوون مۆڵەتیان پێدراوە، ئەمەش وایكردووە خستنەڕووی یەكەكان لە بازاڕدا زۆر بێت، لە كاتێكدا خواست لەسەریان سنووردار بووەتەوە.