ترەمپ چەند پەیامێكی دژ بەیەكی سەبارەت بەچارەنووسی گفتووگۆكانی واشنتۆن و تاران و بەردەوامی ئاگربەست و ئەگەری دەستپێكردنەوەی جەنگ بڵاوكردەوە، دەشڵێت: ئامادەین هاوكاری ئێران بكەین!! بەڵام بۆ تێكدانی وێستگە ئەتۆمیەكانی.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ئەمڕۆ یەك شەممە، رایگەیاند لەگەڵ ئێران نزیكن لە رێككەوتن چەند خاڵێك لە نێوانمان ماوە هێشتا لەسەریان نەگەیشتووین بەرێككەوتن، وتیشی: پێم وانیە ئەو جیاوازییانەش زۆر گەورەبن. سەرۆكی ئەمریكا باسی لەوەشكرد: كە دەیەوێت چەند بەندێك لە رێككەوتنی داهاتووی نێوان ( ئەمریكا و ئێران) جێگیر بكات كە رێگە نەدات ئەو وڵاتە دەستی بەچەكی ئەتۆمی بگات و كەرەستەكانی لە دەرەوەی هاوردە بكات.
دۆناڵد ترەمپ لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ تۆڕی هەواڵی ( ئێن بی سی نیوز) هەڕەشەشی كرد و ڕایگەیاند: چاوەڕێ دەكەین لەگەڵ ئێرانییەكان بگەین بەرێككەوتن، ئەگەر نەگەیشتین بەرێككەوتن ئەوا زۆر بەتووندی لێیاندەدەین.
ترەمپ وتیشی: بەر لە گەیشتن بە ڕێككەوتن، سزای راگرتنی سامانی ئێران یان هەر سزایەك كە بەسەر یاندا سەپێنراوە، هەڵناگرێت و بەردەوام دەبێت، سەرۆكی ئەمریكا باسی لەوەشكرد: ئەگەر مامەڵەی ئێران لەگەڵ گۆڕانكارییەكان باش بێت (واتە بەدڵی ئەمریكا بێت) ئەوا ئەمریكا بیر لە بژاردەكانی بەردەستی دەكاتەوە و رەنگە هەنگاوی جیاوازیان بەرامبەریان دەگرێتەبەر.
سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند: ئامادەن هاوكاری ئێران بكەن بۆ تێكدانی وێستگەكانی پیتاندنی یۆرانیۆم، ئەگەر لەسەر ئەوە گەیشتنە رێككەوتن.. باسی لەوەكرد: كەبەشێوەیەكی ورد لەرێگە مانگە دەستكردەكانەوە چاودێری وێستگە ئەتۆمیەكانی ئێران دەكەین.
دۆناڵد ترەمپ تەئكیدی لەوەشكردەوە كە داوا ناكات لوبنان بەشێك بێت لە هیچ ڕێككەوتنێكی كورتخایەن لەگەڵ تاران.
ترەمپ ئاماژەی بەوەشكرد: هێزەكانیان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەمێننەوە و ئەگەری جوڵەپێكردنی هێزەكانی ئەمریكا لە ناوخۆی ئێران بۆ دەستەبەركردنی كەرەستەی ئەتۆمی و وەشاندنی گورزی زۆر توندی سەربازی لە ناوخۆی ئێراندا یەكێكە لە بژاردەكانمان.