قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە پێناو سەقامگیریی زیاتر، سەرۆکی یەکێتی کار دەکات بۆ دروستکردنەوەی متمانە لەنێوان لایەنەکاندا.
قوباد تاڵەبانی لە میانی پێشکەشکردنی ووتارەکەی لە دووەم ڕۆژی کۆڕبەندی دێڵفی لە سلێمانی ڕایگەیاند، کارکردنی پێکەوەیی هەولێر و بەغداد سوودی گەورەی بۆ هەموو عیراق و هەرێمی کوردستان دەبێت، چونکە سەرکەوتنی هەر لایەکیان بە سەرکەوتنی ئەوی دیکە ئەژمار دەکرێت. هەر لەم چوارچێوەیەدا، تیشکی خستە سەر هەوڵەکانی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ دروستکردنەوەی متمانە لە نێوان لایەنە سیاسییەکاندا لە پێناو سەقامگیریی زیاتر.
جێگری سەرۆکوەزیران جەختی لەوە کردەوە کە سەقامگیریی ڕاستەقینە پێویستی بە فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات هەیە و چیتر نابێت تەنیا پشت بە داهاتی نەوت ببەستین.
ڕاشیگەیاند، پێویستیان بە بونیادنانەوەی ئابوورییەکی مۆدێرن هەیە و حکومەت پشتیوانی لە داهێنەران دەکات بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان وەک هاوبەشێکی بەهێز لە نێو بازاڕەکاندا بمێنێتەوە و گەشە بکات.
قوباد تاڵەبانی وتی، تێچووی ململانێ بەردەوامەکانی ناوچەکە زۆرە و کاتی ئەوە هاتووە دەرفەتێکی ڕاستەقینە بە ئاشتی بدەین. ئاماژەی بەوەش کرد کە عیراق خاوەن پێگەیەکی ستراتیجییە و دەتوانێت بە سەرکەوتوویی سەروەریی خۆی بپارێزێت.
هەروەها باسی لەوە کرد کە سلێمانی هەمیشە وەک ناوەندێک هەوڵیداوە ڕۆڵی نێوەندگیر بگێڕێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.
ڕاشیگەیاند کە هەرێمی کوردستان لە ناو جەرگەی بازاڕەکاندایە و دەکرێت لە ئێستا بەهێزتر بێت ئەگەر بتوانێت سوود لەو پێگە ستراتیجییە و توانای داهێنەرەکانی وەربگرێت.
جێگری سەرۆکوەزیران دڵخۆشیی خۆشی دەربڕی کە شاری سلێمانی بۆ جارێکی دیکە بووەتەوە میوانداری کۆڕبەندی نێودەوڵەتیی دێڵفی.
قوباد تاڵەبانی دووپاتی کردەوە کە گۆڕانکاری لای ئەوان تەنیا دروشم نییە، بەڵکو هەوڵ دەدەن ژنان لە ناوەندی بڕیاردانی سیاسی و ئابووریدا بن.