نزار ئامێدی سەرۆککۆماری عیراق لە بەغداد پێشوازی کرد لە ئاسۆ مامەند سەرپەرشتیاری کەرکوک - سەڵاحەدینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.
لە دیدارێکدا هەرێم کەمال ئاغا سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە بەغداد ئامادەبوو دۆخی گشتی وڵات تاوتوێکرا و تەئکید لە بەردەوامی هەماهەنگی و هاریکاری نێوان لایەنەکان کرایەوە بۆ سەرخستنی پرۆسەی سیاسی.
هەر لە دیدارەکەدا رەوشی کەرکوک گفتوگۆی لەبارەوە کراو بەڕێز سەرۆککۆمار ستایشی رۆڵی یەکێتی و ئاسۆ مامەندی کرد بۆ لێکنزیکردنەوەی لایەنەکان و وتی ئەم سیاسەتەی پەیڕەو دەکرێت فاکتەری بەهێزی سەقامگیری و ئارامیە نەک لە کەرکوک بگرە لە عیراقیشدا چونکە قووڵکردنی پێکەوەژیانی نەتەوەیی و ئاینی لە شارەکەدا لە خزمەتی کەرکوکێکی ئاوەدان و خۆشگوزەرانتر دەبێت.
ئاسۆ مامەند سوپاسی پشتگیرییەکانی سەرۆککۆماری عیراقی کرد و رایگەیاند بە پەرۆشەوە کاردەکەن بۆ خزمەتکردنی کەرکوکییەکان بەبێ جیاوازی و دەمانەوێت هەموو هاوکارمان بن تا بە پرۆژە و کردەوە خزمەتی زیاتری شارەکەمان بکەین.