وەفدێكی باڵای ئابووریی هەرێمی كوردستان بەمەبەستی یەكلاكردنەوەی كێشەكانی گومرگ و جێبەجێكردنی سیستمی ئەسیكۆدا گەیشتە بەغداد.
وەفدێكی ئابووریی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە شاری بەغدادە و بڕیارە وەفدەكە لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئابووریی عێراق بەشداری بكات. وەفدەكە لە نوێنەرانی وەزارەتەكانی دارایی، بازرگانی، كشتوكاڵ، ناوخۆ، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگ، بەڕێوەبەری چاوێریی بازرگانی و سەرۆكی نوێنەرایەتیی حكومەتی هەرێم لەگەڵ چەند ڕاوێژكارێك پێكهاتووە.
لێپرسراوێكی حكومەتی هەرێم رایگەیاند، تەوەری سەرەكیی سەردانەكە پرسی جێبەجێكردنی سیستمی ئەسیكۆدا و ئەو خاڵانەیە كە هەردوولا بۆچوونی جیاوازیان لەسەری هەیە. تەوەرەكان بریتین لە: باجی گومرگی، هێمای بازرگانی، میكانیزمی لێخۆشبوونی گومرگی، پاڵپشتی بەرهەمی خۆماڵی و گونجاندنی رۆژمێری كشتوكاڵی.