درەنگانی شەوی رابردوو، تەرمی پێشمەرگەیەكی كوردستان لە زیندانێكی هەولێرەوە گەڕێندرایەوە سلێمانی و كەسوكارەكەشی گومانیان لە شێوازی مردنەكەی هەیە و دەڵێن، ئەشكەنجە دراوە بەو هۆیەوە گیانی لەدەستداوە.
تەرمی پێشمەرگەو ئەندامێكی پارتی دیموكراتی كوردستان كە لەهەولێر دەستگیركرابوو، شەوی رابردوو گەیەندرایە پزیشكی داد لەشاری سلێمانی، بەوتەی كەسوكارەكەی، ئەو پێشمەرگەیە رۆژی 2ی نیسانی ئەمساڵ لەشاری هەولێر لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی شارەكەوە دەستگیركراوە، بەڵام كەسوكاری ئێستا گومان دەكەن كوڕەكەیان بەهۆی ئەشكەنجەدانیەوە لەزیندان گیانی لەدەستدابێت،
هەرچەندە بەكەسوكارەكەی واراگەیەندراوە كە خۆی كوشتووە. بەپێی وتەی هاوسەری پێشمەرگەكە،لەماوەی دەستگیركردنی هاوسەرەكەی تەنها چوار جار بەتەلەفۆن قسەیان كردووەو بەڵام بەهۆی هەڕەشە لێكردنەوە نەیان هێشتووە هیچ قسەیەك لەسەر هۆكاری دەستگیركردنەكەی بۆ خێزانەكەی روونبكاتەوە، دەشڵێت،
هاوسەرەكەی لەلایەن دووكەسەوە بەبیانووی بەجێگەیاندنی رێكارێكی ئیداری رەوانەی هەولێر كراوە و دواتر نەگەڕاوەتەوە، كاتێكیش زانیارییان پێگەیشتووە كە ئەو پێشمەرگەیە لەیەكێك لەزیندانەكانی هەولێر دەستبەسەركراوەو دوای ماوەیەك لەزیندان تەرمەكەیان تەسلیم كردوونەتەوە،
ئەمەش وایكردووە گومان لەهۆكاری گیانلەدەستدانەكەی بكرێت، هاوكات كەسێكی نزیك لە خانەوادەی پێشمەرگەكەش دەڵێت،لە كاتی وەرگرتنەوەی تەرمی پێشمەرگەكە بەڵێن نامەیان لێوەرگیراوە كە نابێت بۆ هیچ میدیایەك قسە بكەن، ئەو سەرچاوەیە وتیشی، پێشمەرگەكە بەهۆی نووسینی كۆمێنتەوە دەستگیر كراوە.