عەبدوڵا ئۆجەلان رابەری زیندانیكراوی پەكەكە، لە پەیامێكدا بۆ كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان (كەنەكە) داوا دەكات چیتر رێگە نەدرێت كورد دژی یەكتری بەكاربهێنرێت.
عەبدوڵا ئۆجەلان، رابەر و دامەزرێنەری زیندانییكراوی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)داوا دەكات چیتر رێگە نەدرێت كورد دژی یەكتری بەكاربهێنرێت و لەبارەی ئاسۆی داهاتووەوە دەڵێت: بژاردەی مێژوویی بەردەم گەلی كورد تەنیا گفتوگۆ لەسەر قەوارەیەك نییە، بەڵكو مژاری سەرەكی ئەوەیە چۆن ژیانێكی كۆمەڵایەتی بونیاد بنرێت.
سەبارەت بە بەستنی جڤاتی گشتیی كەنەكە، ئۆجەلان پەیامێكی بۆ 24ەمین جڤاتی گشتیی كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان (كەنەكە) ناردو تێیدا هاتووە: هەر گفتوگۆیەك سەبارەت بە داهاتوو و یەكێتیی نەتەوەیی، مافە دیموكراتییەكان و ئیرادەی هاوبەشی گەلی كورد بكرێت، پێگەیەكی گرنگی لە كاروانی مێژوویی گەلەكەماندا دەبێت.
لەسەر قۆناغی ئێستای خەباتی نەتەوەیی، عەبدوڵا ئۆجەلان ئاماژەی بەوە كردووە، ئەمڕۆ گەلی كورد بە قۆناغێكی گرنگی مێژووییدا تێدەپەڕێت و لەم بارەیەوە دەڵێت: كورد كە سەدان ساڵ رووبەڕووی سیاسەتی نكوڵیكردن، لەناوبردن، بەشكردن بووەتەوە، لە ڕێگەی قوربانیدانی گەورەوە، بووەتە دینامیكی كۆمەڵایەتیی هەرە گرنگی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
سەبارەت بەگرنگیی رۆڵی كوردیش تەئكیدی لەوەش كردووەتەوە، بۆ لەمەودوا ناكرێت باس لەهاوكێشەیەكی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بكرێت و حیساب بۆ كورد نەكرێت.دەربارەی پەرەپێدانی دیالۆگی ناوخۆیی، ئۆجەلان باس لە گرنگیی بەرەوپێشبردنی كولتووری دیالۆگ، دانوستان و خەباتی هاوبەشی نێوان كورد دەكات و بە ئەركێكی مێژوویی ناویدەبات،
لەسەر بەدیهێنانی ئەم ئامانجەش دەڵێت: یەكێتیی نەتەوەیی كورد ئامانجێكی وانییە تەڤگەرێكی سیاسی، پارتێك یان لایەنێك بەتەنیا بیهێنێتە دی.لەسەر چەمكی تەبایی و پێكەوەژیان، لەپەیامەكەیدا بۆ كۆنگرەی نەتەوەیی كورد، ئۆجەلان پێناسەی یەكێتیی دیموكراتیانەی كورد دەكات و دەڵێت: بریتییە لەپێشخستنی هەڵوێستێكی هاوبەش لەپرسە سەرەكییەكاندا كە بەرژەوەندیی گەلەكەمان بەبنەما وەربگرێت.
لەكۆتاییداو لەسەر پرسی قەوارەی سیاسی، ئۆجەلان جارێكیتر تەئكید لەژیانی كۆمەڵایەتی دەكاتەوەو دەڵێت: بژاردەی مێژوویی بەردەم گەلی كورد تەنیا گفتوگۆكردن نییە لەسەر قەوارەیەك، بەڵكو مژاری سەرەكی ئەوەیە ژیانێكی كۆمەڵایەتی چۆن بونیاد بنرێت.