ئێران: ئەمریكا و ئیسرائیل 17 جار هێرشیان كردووەتە سەر بنكە ئەتۆمییەكانمان

عیراق 12:05 PM - 2026/06/07

 وەفدی ئێران لە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم هۆشداریی دەداتە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دەڵێت، هێرشكردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەكان مەترسییەكی جدییە بۆ سەر ئاسایشی جیهان و ژینگەی ناوچەكە.

لە كۆبوونەوەیەكی تایبەتی ئەنجوومەنی پارێزگارانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمدا، وەفدی ئێران بە تووندی ئیدانەی  هێرشەكانی ئەمریكا و ئیسرائیلی بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەكانی وڵاتەكەی كرد.

بەپێی زانیارییەكانی ئاژانسی  ئێرنای ئێرانی، وەفدی وڵاتەكەیان ئەو هێرشانەیان بە فراوانترین هێرش لە مێژووی ئاژانسەكەدا وەسف كردووە و رایانگەیاندووە، لە سەرەتای هەڵگیرسانی جەنگەوە، ئەمریكا و ئیسرائیل 17 جار هێرشیان كردووەتە سەر ئەو بنكە ئەتۆمییانەی كە لەژێر چاودێریی ئاژانسەكەدان.

هەروەها وەفدەكەی ئێران لە كۆبوونەوەكەدا وردەكاریی هێرشێكی مەترسیداری بۆ سەر وێستگەی ئەتۆمیی بوشەهر ئاشكرا كرد و رایانگەیاند، یەكێك لە مووشەكەكان تەنیا 350 مەتر لە كارلێككەری سەرەكی وێستگەكە دوور بووە.وتوویانە، ئەگەر ئەو وێستگەیە راستەوخۆ بپێكرایە، دەبووە هۆی بڵاوبوونەوەی بڕێكی زۆری مادەی تیشكدەر و كارەساتێكی ژینگەیی گەورەی لە ناوچەكەدا لێدەكەوتەوە.

نوێنەرانی ئێران داوایان لە وڵاتانی ئەندام لە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم كرد، كۆتایی بەو شتە بهێنن كە بە سیاسەتی دووفاقی ناویان بردووە و یاسای نوێ دابڕێژن تا هەر جۆرە هێرشێك بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەكان بە تەواوی قەدەغە بكرێت.

ئەمەش لە كاتێكدایە،ئەمریكا و ئیسرائیل بەردجەوام تەئكید لە پەكخستنی توانای ئەتۆمیی تاران دەكەنەوە، لە بەرامبەریشدا ئێران دەڵێت بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئاشتیخوازانەیە و بۆ مەبەستی تەندروستی و وزەیە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو