دادگایی كردنی عەجاج تكریتی بۆ 14ی ئایار دواخرا

عیراق 02:34 PM - 2026/05/07

دادگایی كردنی (عەجاج ئەحمەد حەردان) یەكێك لە ئەفسەرە تاوانبارەكانی زیندانی نوگرە سەلمان، بۆ ڕۆژی 14ی ئایار دواخرا‌و ئەمڕۆش 25 سكاڵاكار‌و شایەتحاڵ  چوونە بەردەم دادوەر‌و وتەیان لێوەرگیرا. 
حەیدەر ئەحمەد، نێردراوی گەلی كوردستان بۆ بەغداد دەڵێت، پێش دەستپێكردنی دادگاییەكە لە دادگای باڵای تاوانەكانی عیراق، عەجاج ئەحمەد حەردان بە جلی زەرد‌و دەست‌و چاو بەستراوی هێنرایە دادگا‌و پرۆسەی دادگاییەكە دەستیپێكرد، ئەمڕۆش 25 سكاڵاكار‌و شایەتحاڵ چوونە بەردەم دادوەر‌و وتەیان لێوەرگیرا. 
وتیشی، دادگاییكردنی عەجاج بۆ ڕۆژی 14ی ئایاری 2026 دواخرا.
تۆمەتبار عەجاج ئەحمەد حەردان، لە دادگای باڵای تاوانەكان لە بەغدا دادگایی دەكرێت‌و زیاتر لە 300 سكاڵای لەسەر تۆماركراوە. 
لای خۆشیەوە ئەیاد كاكەیی، پارێزەری دۆسیەی دادگاییكردنی عەجاج دەڵێت، عەجاجی بەڕێوەبەری پێشووی زیندانی نوگرە سەلمان، دانی بە تاوانەكانیدا ناوە. تاوانەكانی بریتین لە ئەشكەنجەدان، برسیكردن، دەستدرێژیكردنە سەر ژنان و چەندین تاوانی جەنگیی دیكە بەرامبەر بە كوردانی ئەنفالكراو.
دەشڵێت، بەهۆی ئەوەی تۆمەتبار دانی بە تاوانەكانیدا ناوە، پڕۆسەی دادگاییكردنەكە ئاسانتر دەبێت و دادگا تەنیا پێویستی بەوە دەبێت گوێ لە وتەی ژمارەیەك لە سكاڵاكار بگرێت پێش ئەوەی بڕیاری كۆتایی بدات.
دەزگای هەواڵگریی عیراق لە 31ـی تەمموزی 2025 دەستگیركردنی عەجاج ئەحمەد حەردانی لە شارۆچكەی زلوعییە ڕاگەیاند. دوای دەستگیركردنیشی لە سلێمانی، كەلار و چەمچەماڵ وتەی سكاڵاكاران و شایەتحاڵەكان لە لایەن لایەنە پەیوەندیدارەكانەوە وەرگیراوە‌و خراوەتە ناو دۆسیەكەوە. دادگایی كردنی جەلادەكەی نوگرە سەلمان بە هەنگاوێكی مێژوویی بۆ بەدیهاتنی دادپەروەری بۆ كەسوكاری ئەنفالكراوان دەبینرێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو