یەكەم كاروانی سەردانكەرانی گەشتی حەج لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستانەوە بەرەو سعودیە بەرێككەوتن، پرۆسەكەش تا 17ی مانگ بەردەوام دەبێت.
ئەمڕۆ، یەكەم كاروانی سەردانكەرانی حەج كە ژمارەیان 147 كەس بوو لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە بەرەو وڵاتی سعودیە بەرێككەوتن، بەپێی خشتەی گەشتەكە، سەعات 11ی ئەمشەو دووەم كاروان لە رێگەی فڕۆكەخانەی هەولێر بە رێدەكەوێت كە بەهەمان شێوە ژمارەیان 147 كەسن.
بڕیارە رۆژی شەممەی داهاتوو، بۆ بەجێهێنانی فەریزەی حەج سەردانكەران لە دهۆك و دووشەممەی داهاتووش سەردانكەران لە سلێمانی بەرەو سعودیە بەڕێبكرێن.
هەر بەپێی خشتەی گەشتەكە، ئەمڕۆ دوو گەشتی تر لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە بۆ هاووڵاتیانی هەولێر بۆ سعودیە دەكرێت.
كاروان ستونی وتەبێژی حەج و عومڕەی كوردستان رایگەیاند، وەزارەتی ناوخۆی سعودیە چەندین رێنمایی و رێككاری توندی راگەیاندووە و هەر كەسێك هەوڵ بدات بە بێ رێگەپێدانی رەسمی حەج بكات بە بڕی 20 هەزار ریاڵی سعوودی سزا دەدرێت كە دەكاتە نزیكەی هەشت ملیۆن دیناری عیراقی.
ئەوەیشی خستەڕوو، هەر لە رێككارەكانی وەزارەتی سعودیەدا هاتووە كە سزاكە لە حاڵەتێكەوە بۆ حاڵەتێكی تر گۆرانكاری بەسەردا دێت كە زۆرتریان دەگاتە 100 هەزار ریاڵ كە نزیكەی 40 ملیۆن دیناری عیراقی، هەروەها كەسی سەرپێچیكار جگەی لەوەی رەوانەی وڵاتەكەی دەكرێتەوە ناتوانێت تاوەكو 10 ساڵی تر سەردانی سعودیە بكاتەوە.
ئەمساڵ 5 هەزار و 120 هاووڵاتی لە هەرێمی كوردستانەوە بۆ بەجێهێنانی فەریزەی حەج سەردانی وڵاتی سعودیە دەكەن، بۆ گواستنەوە و خزمەتكردنیان 105 كۆمپانیا راسپێردراون، هەر كۆمپانیایەك بەرپرسیارێتیی 49 حاجی لە ئەستۆ دەگرێت.