دوای پێشكەشكردنی پێشنیازێكی 14 خاڵی لەلایەن ئەمریكاوە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، وڵاتەكەی تاوتوێی ئەو پێشنیازەی ئەمریكا دەكات، كە ئاراستەیان كراوە.
رۆژی چوارشەممە، 6ـی ئایاری 2026، ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، "تاران پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندن بۆ پێشنیازی ئاشتی 14 خاڵی ئەمریكا دەكات. دواتر بۆچوونی خۆمان لەسەر پێشنیازەكە دەدەینە لایەنی پاكستانی. پێشتر لێپرسراوانی ئەمریكا ئاشكرایكردبوو، واشنتۆن و تاران زۆر نزیكبوونەتەوە لە ئیمزاكردنی یاداشتنامەیەكی لێكتێگەیشتنی یەك لاپەڕەیی بۆ كۆتاییهێنان بە جەنگ لە ناوچەكە و دەستپێكردنی قۆناغێكی نوێی دانوستاندنە ئەتۆمییەكان.
یاداشتنامە پێشنیازكراوەكە لە 14 خاڵ پێكدێت و لەلایەن ستیڤ ویتكۆف و جارێد كوشنەر، نێردراوانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكاوە دانوستاندنی لەسەر دەكرێت. تەوەرە سەرەكییەكانی بریتین لە چوار خاڵی سەرەكی، یەكەم: كۆتاییهێنان بە جەنگ، راگەیاندنی وەستانی شەڕ لە ناوچەكە و دەستپێكردنی دانوستاندنی چڕ بۆ ماوەی 30 رۆژ. دووەم: پڕۆگرامی ئەتۆمی، ئێران پابەند دەبێت بە راگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ ماوەیەكی درێژخایەن (كە لە نێوان 12 بۆ 15 ساڵدایە). ئەمریكا داوای 20 ساڵ و ئێران داوای 5 ساڵی كردووە. سێیەم: ئازادكردنی پارە و سزاكان، ئەمریكا ملیاران دۆلاری بلۆككراوی ئێران ئازاد دەكات و بە قۆناغ بە قۆناغ سزاكان لادەبات. چوارەم: گەرووی هورمز، هەردوولا كۆتوبەندەكانی سەر هاتووچۆی دەریایی لە تەنگەكە لادەبەن و گەرووی دەریایی ئەمریكا هەڵدەگیرێت.